وتار
دۆستگەرایی لەچیرۆكی ڕێبوارێكی سەرگەردان-ی گەلاوێژ

   پ.د.زاهیر لەتیف كەریم

 

- كورتەیەك:

دۆستگەرایی (altruism )، یاخود مرۆڤ – دۆستی وخۆنەویستی،كەپێچەوانەی خودپەرستی وخۆپەرستیە،زاراوەیەكی كۆن نیە ودەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدەهەم وهەوڵەكانی گەورە فەیلەسوفی فەڕەنسی ئۆگست كۆنت (1798-1857)، لەكاتێكدا سەرقاڵی خۆ ڕزگاربوون بوو لەچەمكی خۆخۆیی .بەرنامەكەشی بریتی بوو لەگەڕانەوەی بەها زاڵەكانی ڕەوشت دوای ئەوەی ئەم ڕەوشتە لەبەردەم كەرەستە میتریاڵیزمەكاندا بەرەو هەرەس دەڕۆشت.

گومان لەوەدا نەماوە كەقەیران وگۆڕانكارییە فیكری وسۆسیۆڵۆژییەكان جۆرێك لەپەرچدانەوە وداوا و ڕووبەڕووبونەوە دەخوڵقێنێت،لەهەمووشیان گرنگتر بایەخدانە بەتاك وتێكڕای خەڵكی لەگەڵ پاراستنی مافەكانیان وڕەخساندنی هێڵی دەربازبوون لەسەرجەم توندوتیژی وهەڕەشە سایكۆڵۆژی وئابووری وسۆسیۆڵۆژییەكان. دۆستگەرایی شێوەیەكە لەشێوە پۆزەتیڤ وئەرێنییەكانی ڕەفتارە ڕەوشتییەكانی سۆسیۆڵۆژیا وبنچینەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ خودە بەویژدان وبەهەڵوێستەكان وكارەكەشی كردارێكی خۆبەخشییە وهیچ بەرژەوەندییەك لەپشت هەڵوێستەكەیەوە نیە.تا ڕێژەی مرۆڤ –دۆستی ئەم جۆرە كەسانە لەهەڵكشاندا بێت ئەوا لەبەرامبەردا هێندەی ئەوە وزیاتریش كردارە خۆبەخشییەكان فراوانتر وكاریگەرتر دەبن (حنان العنانی:1056-1074 ).بۆ ئەم مەبەستە، میشێڵ بۆربا ( 1952 -   )زاراوەی "زیرەكی ڕەوشتی" بەكارهێناوە لەكاتێكدا دەڵێت ، ئەم ڕەوشتە توانای جوداكردنەوەی هەڵە لەڕاستییەكانی هەیە وكەسەكانیش پێویستە هەڵگری پەیامێكی ڕەوشتی بەرز بن وویژدانیان چاودێرێكی هەمیشەیی بێت بەسەر هەڵەكانەوە.ئەمە لەپێناو بەرجەستەكردنی زیندووبونەوەی ویژدان وگەڕانەوەی دادپەروەی وپێكەوە ژیان ( میشیل بوربا: 18-35).لێرەدا بابەتی هەستكردن بەماناكانی  تێكڕای خەڵكی مۆتیڤێكی هەرە بەهێزی دۆستگەراییە،بەوەی كەسە بەویژدانەكان هەمیشە خەمی خەڵكیانە ودەیانەوێت پەیوەندییەكی مرۆڤایەتی ودۆستانە لەنێوان تاكەكان وتێكڕای خەڵكیدا دروست بكەن وبۆشایی گەورە لەنێوانیاندا نەمێنێت.

- ئامانج وگرنگی لێكۆڵینەوەكە:

لێكۆڵینەوەكە هەڵگری ئەم ئامانج وگرنگیانەی لای خوارەوەیە:

- سەرگەردان وئاوارە وبێ لانە وبێبەشبووان لەمافەكان پێویستە گۆڕانكاری بەسەر دۆخەكانیاندا بێت بەوپێیەی ئەمانیش لەلایەكەوە ئەندامانی كۆمەڵگان ولەلایەكی تریشەوە بەشدار دەبن لەئایندەی مەسەلەكان.ئازاردان وچەوسانەوە وخودویستی پەیوەندی تاكەكان ئاڵۆز وناشیرین دەكات،بەڵكو كۆمەڵگا بەرەو ئاقارێكی نادیار دەبات.

- دۆستگەرایی بابەتێكی سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژیی پۆزەتیڤ وئەرێنییە وڕۆلێكی كاریگەر دەبینێت لەئەنجامدانیهێمنی وپێكەوە ژیان.

- لێكۆڵینەوەكە،لەڕوانگەی دەقێكی ئەدەبی(چیرۆك) دەچێتە بواری كێڵگە پراكتیكەكانەوە،لەوێشەوە،بێبەشبووان وهاوشێوەكانی،دەچنە نێو چارەسەرە تەندروستییە سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژییەكان.

- لەڕێگەی توانا فیكری وڕۆشنبیری وڕەخنەییەكانی خاوەن دەقەكان،ڕاستكردنەوەی هەڵەی كەسە خودپەرست وخۆویستەكان.

- كێشەی لێكۆڵینەوەكە:

پرسیارە سەرەكییەكە لەوەدایە،ئایا لەزەمەنی میتریاڵیزمدا جێگەی دۆستگەرایی دەبێتەوە؟گەر كۆمەڵگای كوردی،بەشێوەیەكی گشتی،جۆرێك لەبێبەشبوون وئێش وئازار ومەینەتی ونامۆبوونی بەخۆیەوە بینیبێت ئەوا كاركردن لەسەر چەمكی "خودی بكەرێكی بزێو" توانایەكی وزەبەخشە بۆ بەرهەمێنانی دۆستگەرایی.ئەم جۆرە خودانەهەڵگری پەیامی پاراستنی شوناس وڕەهەندە ڕەوشتییە باڵاكانن وبنەمای كاركردنیان لەسەر بنچینە ڕەسەنەكانی مرۆڤایەتی ودۆستایەتی وخۆشەویستی دامەزراوە.واتە لەزەمەنی نادادپەروەریدا،كەكاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی وئابووری دروست دەكات،كەسانێك ،بەخۆبەخشی،بەرگری لەمافە ڕەواكانی تێكڕای خەڵكی دەكەن،بەتایبەتی ئەوانەی لەژێر هەڕەشەی نادادپەوەریدا لەخراپترین دۆخدا دەژین.زانستە سایكۆڵۆژییەكان هەمیشە جەخت لەسەر دوو جەمسەری دژبەیەك دەكەن،ئەوانیش ڕق وخۆشەویستی(عبدالله معتز:157- 231).پێشتریش لەكتێبە ئاسمانییەكاندا بەتایبەتی قورئانی پیرۆز باس لەم دوو جەمسەرە كراوە،هەروەك خودا لەقورئاندا دەفەرموێت(وَأَحْسِنُوا إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُحْسِنِينَ) البقرة: 195. (أَيُحِبُّ أَحَدُكُمْ أن يأكل لحم أَخِيهِ مَيْتًا فكرهتموه ) الحجرات :12).).وەك دەردەكەوێت مەسەلەكە هێندەی مرۆڤ كۆنە.لێرەدا،زۆربەی لێكۆڵینەوەكان،چەمكی دۆستگەرایی دەبەستنەوە بەڕەهەندە ئاینی وسۆسیۆڵۆژییەكانەوە،ئەمە لەكاتێكدا ئەم دۆستگەراییە بابەتێكی هەرە گرنگی سایكۆڵۆژیایە بەوەی مرۆڤەكان لەڕێگەی دوو سەرچاوەوە (خۆڕسكی وژینگەیی)دابەش بوون بەسەر ڕق وخۆشەویستیدا.نووسەر، یان مامۆستا وتەنانەت باوك ودایك،خاوەن توانایەكی فێركاری وپەروەردەین ولەڕووی سایكۆڵۆژیا وسۆسۆسیۆڵۆژیاوە گرنگی بەتاكەكان دەكەن ئەمەش لەپێناو دەرخستنی ڕەفتاری یارمەتیدەر(دۆستگەرایی)لەسەر بابەت ومەسەلەیەكی دیاریكراو،وەك ئەوەی بڵێت ئایا ئەو كەسەی كەپێویستی بەیارمەتییە شایانی ئەوەیە یارمەتی بدرێت!یان ڕێژەی یارمەتییەكە توانای چارەسەری هەیە!كەسی ستەملێكراو لەلایەن كێوە ستەمی لێكراوە!لەكۆتایدا،جێگەی خۆیەتی بڵێین،بەپێی زانیارییەكانمان،چەمكی "دۆستگەرایی هێشتا نەهاتۆتە بواری لێكۆڵینەوە ئەدەبییەكان بەشیعر وپەخشانەوە.ئەمە تاڕادەیەكی زۆر كێشەی سەرچاوەیی دەخوڵقێنێت.

- سنووری لێكۆڵینەوەكە:

هەروەك (ڕۆبێرت سیاڵدینی ، 1945 -  )ئاماژەی پێكردووە، ڕەفتاری دۆستگەرایی بەپلەی یەكەم پەیوەندی بەخودێكی بكەری بزێو بەئەوانی ترەوە هەیە،یان بەبابەتێكی كاریگەر.هۆكاری ئەم پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ باشكردنی دۆخی بەرامبەرەكان وهەستكردن بەژیانێكی ئاسوودە (عبدالله معتز:157-231).بەرهەمەكانی گەلاوێژ( گەلاوێژ ساڵح فەتاح)،بەشێوەیەكی گشتی،شووناسی ئەم پەیوەندییەیە وهەمیشە هەڵگری ڕەفتارێكی دژایەتییە لەگەڵ خۆویستیدا  وخۆڕسكانە وبەكاریگەری فینۆمینیا دەگەڕێت بەدوای شتە ناشیرین ونەگونجاوەكاندا تابتوانێت خودی خۆی تێكەڵ بە ڕووداو وكەسەكانی بكات ولەهەمان كاتدا هەوڵی گۆڕینی ڕەفتارە ناشیرینەكان بۆ جوانەكان بدات.لەم ڕووەوە،گەورە فەیلەسوفی سكۆتَڵەندی(ئەلەكسەندەر بەین ،1818- 1903) ،دەڵێت هەستكردنی مرۆڤەكان بەیاسای دۆستگەرایی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی منداڵی وكاریگەری خێزان ودەورەبەر بەكردارە جوانەكان ودووركەوتنەوە لەشتە قێزەوونەكان( توفيق الطويل:206-216) ئەمەش لەوكاتانەدا سەرهەڵدەدەن كەبۆشایی گەورە لەویژداندا هەبێت ولەولاشەوە ئامادەنەبوونی دادپەروەری وبڵاوبوونەوەی هەژاری وبێ كاری وبێبەشبوون وستەمەكان.یان دووركەتنەوە وكارنەكردن لەسەر بنەماكانی مەعریفەت كەئەمەشیان هۆكاری لەدەستچوونی شووناسە ڕۆشنبیری وڕەوشتییەكانە.بێگومان لەهەموو جەمسەرێكیشەوە زاڵبوونی جیهانی میتریاڵیزم بەسەر ئایدیاڵیزم هۆكارێكی سەرەكی داڕامەنە ڕەوشتییەكان.لێرەدا،هەروەك گەورە بیرمەند (ڕۆسۆ) ئاماژەی پێداوە،ویژدان دەبێتە دەنگی هەستەكان وپێچەوانەكەشی بۆ چێژی جەستەكان (إبراهیم مدكور:110).واتە بیركردنەوە دۆستگەراییەكانی گەلاوێژ هەڵقوڵاوی ڕەوشتە خودییەكانە وئەم ڕەوشتەش،جگە لەخۆڕسكی وفینۆمینیایی،خۆی لەبازنە مەعریفی وڕاڤەیی ولێكدانەوە قووڵەكاندا دەبینێتەوە.بۆ ئەم مەبەستە چیرۆكی"ڕێبوارێكی سەرگەردان"دەبێتە بابەتی تاقیگەی كاركردنی ئەم لێكۆڵینەوەیە.كرۆكی ڕۆمانەكەش پێكهاتووە لەدوو تەوەری سەرەكی، یەكێكیان خۆشەویستی سۆزداری وئەوی تریان فیكری وسیاسی.وەنەوشە كەكارێكتەرێكی سەرەكی چیرۆكەكەیە،هەر لەسەرەتای ژیانییەوە كەوتۆتە ژێر باری مەسەلە قورس ونالەبارەكانەوە.مردنی دایك وباوكی،ئەو هێشتا ئاگاداری هیچ نیە"هەر لەمنداڵیەوە چۆن تووشی نەگبەتی ببوو وچۆن دایك وباوكی هەر لەبیر نایەت ئەوە نەبێت كەلەخزم وكەس بیستووە كەئەیانگوت باوك ودایكی چەند ئینسانی باش ولێوەشاوە بوون وخاوەنی دیوەخان وماڵ وحاڵی باش بوون كەچەندیان ئەم خۆشەویست وچەند نازدار وهەمیشە لەسەر دڵیان بوو" ( گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:18- 19 ).هەوڵدان بەشوودانی لەدەرەوەی خواستی خۆی بەكەسێكی بێ مانا.هەڵهاتنی لەكەركوك بۆ بەغدا لەپێناو دەربازبوون لەبیركردنەوە پیسەكانی دەستگیرانەكەی.بەڕێكەوت،لەئیستگەی شەمەندەفەر،تووشی پوورە ڕەحمە دەبێت ولەگەشتەكەدا ئاشنایەتی دەكەوێتە نێوانیان.بەدرێژایی گەشتەكە،خۆشەویستی و ویژدان دایەڵوگی هەردووكیان دەبەن بەڕێوە.لەوێشەوە پردی دۆستگەرایی لەنێوانیاندا دروست دەبێت.لەبەرامبەردا خانەوادەی پوورە ڕەحمە خانەوادەیەكی تێكۆشەری شاری سلێمانی بوون وكچ وزاواكەی لەبەغدا نیشتەجێ ببوون.كوڕەكەشیان (شەماڵ )،لەپێناو ڕێكخستن وبڵاوبوونەوەی فیكری سیاسی ،بەغدای هەڵبژاردبوو.بەتێپەڕبوونی زەمەن وخوڵقاندنی چەندین دیمەنی ڕۆمانسی،پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوان شەماڵ و وەنەوشەدا دروست دەبێت دواتر پەیوەندییە سۆزدارییەكە پێدەنێتە قۆناغێكی جیاواز ئەویش چالاكییە سیاسییەكانە.ئەنجامیش تێكەڵبوونی وەنەوشە بوو بەخەباتی سیاسی ،كۆتاییەكەشی شەهیدبوونی لێدەكەوێتەوە.

- پلانی لێكۆڵینەوەكە:

بۆ دۆستگەرایی،لێكۆڵینەوە سایكۆڵۆژییەكان ئاماژەیان بەسێ توخمی سەرەكی داوە كەدەبنە گەشەی چەمكە ڕەوشتییەكان،ئەوانیش:

/1 توخمە مەعریفییەكانی ڕەوشت. ڕەوشتە مەعریفییەكان كار لەسەر ئاڕاستەكردنی تاك وكۆمەڵگا دەكات بەوەی جیاوازی لەنێوان كردارە جوان وناشیرینەكان بكەن،یان هەڵەكان لەڕاستەكان جودا بكەنەوە بەوپێیەی هەر یەك لەودوالیزمەیە خاوەنی ئامانج وئەنجامی خۆیانن كەبەمە دەگوترێت ڕەوشتە ئەندازەیی وپێوانەییەكان (Elder، Paul:2-17).لێرەدا مەعریفییەتی خود بۆ شتەكان پێویستییەكی ڕەوشتییە چونكە ئەم جۆرە خودانە كەبزێون هەست وتێگەیشتنیان بۆ شتەكان جیاوازترە لەكەسە سروشتییەكان. لەزەمەنی سۆكرات نەفامی سەرچاوەی كارەسات وزانینیش سەرچاوەی چاكە بوو.ئەركی خودی بكەری بزێویش پاراستنی ڕەهەندە ڕەوشتییەكانە وگەورە فەیلەسوفی جیهانیش (كانت،1724- 1804)ئاماژەی بەوە داوە كەئەم جۆرە خودانە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی تایبەت كارناكەن ( عبدالرحمن بدوی:151-154).ئەمە بەدیوێكی تردا خۆی لەخەسڵەتی بیر وعەقڵدا دەبینێتە،بەوەی قایل نابن بەشتە نەگونجاو وقێزەونەكان (مراد وهبە:247).لەم ڕوانگەیەوە،ململانێی نێوان پایە بڵندی وبەد ڕەفتاری دەبێتە بنەمایەكی سەرەكی دامەزراندنی چەمكی ڕەوشت،بەتایبەتی لەتوخمە مەعریفییەكانیدا (سعد جلال: 265-267  ).دامەزراندنی سەرەكی چیرۆكەكەی گەلاوێژ "ڕێبوارێكی سەرگەردان" لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوە.لەلایەكەوە ئەركی پاراستنی (وەنەوشە)ی هەیە ودەیەوێت ئەو ستەمەی لێی كراوە لەسەری هەڵی بگرێت وبگەڕێتەوە بۆ سروشتەكەی خۆی بەبێ ئەوەی هیچ سوودێكی میتراڵی لەپشتەوە هەبێت.ئەمەشی لەپێناو ئاڕاستە ئاینیی ونموونەیی وعەقڵیی وسۆسیۆڵۆژییەكان ئەنجام داوە.ئەفڵاتۆن وبەها زاڵە جوانەكان وسۆكرات وڕەهەندە عەقڵییەكان بەوپێیەی مەعریفەت سەرچاوەی چاكەیە وعەقڵیش سەرچاوەی پایە بڵندییە (الفضيلة ).دۆركهایم وكارلێكە سۆسیۆڵۆژییەكان.هەموو ئەمانە سەرچاوەی بەها ڕەوشتییەكانی مەعریفەتن كەلەچیرۆكەكەدا جێگەیان بۆتەوە.

لەلایەكی تریشەوە وبەكاریگەری (شەماڵ) ی كوڕی پوورە ڕەحمە وهاندانی پوورە ڕەحمە خۆی،وەنەوشە تێكەڵ بەفیكر وسیاسەت دەبێت ولەسەر بنەماكانی فێركاری وپەروەردەیی ڕۆحی نەتەوەیی ونیشتمانی تێدا دەخوڵقێنێت.ئەمە لەكاتێكدا سەرەتای چیرۆكەكە بەبابەتێكی زۆر جیاواز دەستی پێكردووە وناوەڕۆكی بیركردنەوەی وەنەوشە تەنها خۆی لەدەربازبوون لەستەمدا دەبێنێتەوە.واتە هەرسێ كارێكتەرە سەرەكییەكە (پوورە ڕەحمە –دایكی شەماڵ - ،وەنەوشە – ڕێبوارێكی سەرگەردان-،شەماڵ - خەباتگێڕێكی نیشتمانی -) لەیەك كاتدا دەچنە نێو پڕۆسەی دۆستگەراییەوە وهەر یەكەیان بەیەك ئاڕاستەی خۆشەویستی دەڕواننە شتەكان،خۆشەویستی سۆزداری وخۆشەویستی خاك ونیشتمان ومەسەلە نەتەوایەتییەكان.هەر لەسەرەتای چیرۆكەكە،وەنەوشە هەڵوێستەیەكی ڕەوشتانەی پڕ لەعەقڵ لەخۆ دەگرێت،لەكاتێكدا ولەگەڵ ئەوەی كەسێكی بێكەس وسەرگەردانیش بوو،چەمكی یاخبوون وئازادی وسەربەستی هەڵدەبژێرێت.ئەمەش لەپێناو دووركەوتنەوە لەچەمكە بەدڕەوشتییەكانی دەستگیرانەكەی،كەلەلایەكەوە كەسێكی داوێن پیس ولەلایەكی تریشەوە سیخوڕێكی ڕژێم.لێرەدا وەنەوشە برسێتی ویاخیبوون دەكاتە هاوكێشە بابەتییەكان ونایەوێت چیتر لەژێر گوشاری چەمكە ناشیرینەكاندا گوزەر بكات.سەبارەت بەدەستگیرانەكەی،وەنەوشە دەڵێت"هەر چییەكم لێ بێت پێم خۆشترە وەك لەبەر دەستی ئەو دڕندە پیسە بەدخووە بم.تۆ بڵێی كەسێكم دەست نەكەوێت لەناو ئەم هەموو خەڵكە زۆرەدا تۆزێ ویجدان وڕەحمی هەبێت وبەزەییەكی لەدڵا بێت .( گەلاوێژ،رێبوارێكی سەرگەردان:12 ).لەشوێنێكی تردا دایەڵۆگ لەگەڵ پوورە ڕەحمە دەكات ودەڵێت"ئاخ پوورێ گیان فایەی چی،نازانی لەناو چ ئاگر وقوڕبەسەری وناخۆشیا ژیاوم،بڵێ هەر كوڵاوم وهەرچی تۆ پێی بڵێیت ناڕەحەتی وناخۆشی ناگاتە یەك سەعاتی ئەو تاڵیەی من چێشتوومە "( گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:48 ).ئەو كەسەی كە وەنەوشە بەدوایدا دەگەڕاو وخاوەنی ویژدانێكی ڕەوشتی وئاینی ومرۆڤایەتی بوو،لەپوورە ڕەحەمدا دۆزییەوە.دۆزینەوەكەش ،وەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە،بەشێوازێكی ڕێكەوتی بوو.وەنەوشە هەر لەسەرەتاوە ئەو هەستەی لادروست بوو كەپوورە ڕەحمە كەسێكی ئایدیاڵیزمییە وتەنها چاكە وبەرژەوەندی خەڵكانی تری دەوێت.لەزۆر جێگادا ،وەنەوشە ستایشی ڕەحمەخان دەكات وكەسێتی ڕەحمەخان زۆر بەجوانی بەرجەستە دەكات.ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كەڕەحمەخان ،بەكاریگەری خۆڕسكی وچەمكە ئاینی و ویژدانی وڕەوشتییەكان،بونیادێكی خێرخواز ومروڤ دۆستە،بەرامبەر دوور بێت یان نزیك ئەوا ئەم كەرەستەی دۆستگەراییەكەی بەكار دەهێنێت.وەنەوشە دەڵێت"قەد باوەڕ ناكەم ئەو دڵ ودەروونە وئەو سەروسەكوتە لەچاكە وپیاوەتی زیاتری لەدەست بێت.وابزانم بەختم هەبوو كەتوشی ئەم ژنە بووم،بەسنەبوو نەچوومە فارغۆنێكی ترەوە.چاوت لێبوو چۆن باوەشی بۆ كردمەوە وخوشەویستی خۆی بۆ دەرخستم" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:13).لەجەمسەرێكی ترەوە،ڕەحمەخان ،بەبێ بەرنامەیەكی پێش وەخت وبەشێوەیەكی زۆر سروشتی ولەپێناو مرۆڤایەتی وپارێزگاری لەكلتووری ڕەوشت،بەبینین ودانیشتنی وەنەوشە لەتەك كورسی وفارگۆنی شەمەندەفەر،دەستی یارمەتی بۆ وەنەوشە درێژ كرد،چ بەدەربڕین یان بەشداریكردنی لەخواردندا"كچم زۆر بەخێر بێیت،زۆرم پێخۆشە وچەند جارێك لەسەر یەك بەخێر هاتنی كرد وخۆشی حاڵی خۆی بۆ دەربڕی.....هەر زوو دەستیبرد بۆ زەمیلەكەی وبەردەمی خۆی وهەندێ كولیچە ومیوەی دەرهێنا وخستیە كۆشییەوە...ئیتر ئەبێ ئێمەش شت بخۆین،دەی گیانە تۆش ئەمانە بخۆ " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:8- 9 ).

مەعریفەتی ڕەوشتی ڕێگەی نەدا كەڕەحمەخان نزیك نەبێتەوە لە وەنەوشەو فەرمووی خواردنی لێ نەكات.دیارە ئەمە بەشێكە لەڕەوشت وژینگەی خێزانی نووسەر،كەبەپێی گریمانەكان هەر خۆی پاڵەوان وكارێكتەری چیرۆكەكە بێت.هەر لەبەر ئەمەشە،هەردوو نووسەر،ڕیشارد پەوڵ ولیندا ئێڵدەر،دەڵێن،مەعریفەتەڕەوشتییەكانبریتین لەكۆمەڵێك پرنسپ ،فێرمان دەكەن چۆن لەكاتە هەستیارەكاندا یارمەتی خەڵكی پێ بدەین. (Elder، Paul:2-17).بابەتی وەنەوشە،بابەتێكی سۆسیۆڵۆژی هەستیار بوو،تەواو كاریگەری لەسەر دۆخە سایكۆڵۆژیاكەی كردبوو.ئەمە وایكرد ڕەحمەخان بەم شێوەیە دایەڵۆگ لەگەڵ وەنەوشەدا بكات لەكاتێكدا وەنەوشە كەوتبووە گێڕانەوەی چیرۆكە ترسناك وخەماوییەكەی"خۆشەویستی خۆی بۆ وەنەوشە دەرئەبڕی ودڵی ئەدایەوە ودەستی ئەخستە سەرچاوی وئەیگوت:بەخوا ئەتخەمە سەر ئەم چاوانە،دڵت هێچ نەكات،واز لەشەوبۆی كچم بێنم واز لەتۆ ناهێنم" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:24).تەنانەت،لەپێناو پاراستنی نامووس وسەربەرزی وەنەوشە،ڕەحمەخان ڕاستی چیرۆكی شەوبۆ بەنهێنی دەهێڵیتەوە ودەیكاتە كچی خدری ئامۆزای" ئەمەش كچی خدری ئامۆزامە كەلەقەراغە ،زانیبووی كەهاتووم بۆ سلێمانی پەری (خوازراوی وەنەوشە )لەگەڵ خۆی هێنابوو بۆ لام چونكە تۆزێ ناساغ بوو وا منیش لەگەڵ خۆم هێنام....ئەمە چەند ساڵە تۆ نەتدیون.چۆن بیرت چوو بەمناڵیش پەری (وەنەوشە)هەروا جوانكیلە بوو" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:25-28).لەمەش زیاتر،ڕەحمەخان بەچاوی بەزەیی ئاینییەوە دەڕوانێتە وەنەوشە .لەم ڕووەوە،گێڕەوەر بەم شێوەیە باس لە وەنەوشە دەكات ودەڵێت"پوورێ قوڕگی گیرا لەبەر گریان وگوتی خۆ هیچ نەبێت دوو ئیشیان بۆ دەكات،هەر لەڕێی خوا بیخەنە ژێر باڵی خۆیان،زەعیفە ولێقەوماوە "(گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:36).لەژێركاریگەری ئەم ڕەوشتییە ئاینییەدا،ڕەحمەخان،ئەوەندەپشتگیری لەوەنەوشە دەكات تاڕادەی ئەوەی گەر بێتو ڕێزی تایبەتی لێ نەگیرێت ئەوا هەموو منداڵانی دەكاتە قوربانی "پوورێ دڵی پڕ بوو لەدڵی خۆیا قەراریدا كەسبەینێ بیبا وبڕوا بۆ لای شەماڵ (كوڕی)،ئەگەر ئەویش قڕەقڕی كرد شەرتبێ هەموویان بەجێبهێڵم وئەم كچە بەرەڵا نەكەم" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:43).

گەر بێینە سەر كارێكتەرێكی تر،شەماڵ،ئەوا ئەمیش لەڕوانگەی فیكرێكی سیاسییەوە،پارێزگاری لەمەعریفەتی ڕەوشتی نەتەوە ونیشتمانی خۆی دەكات وپێچەوانەی خۆفرۆشان وخۆویستەكان ولەپێناو خاك ومەسەلەكەیدا دەجەنگێت وژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەكی كوشندەدار.سەرچاوەی ئەم مەعریفەتە ڕەوشتییە بۆ خاك ونەتەوە ونیشتمان دەگەِرێتەوە بۆ چالاكییەكانی دایكی لەكاتێكدا شەماڵ یكوڕ هێشتا منداڵێكی بچووك بوو.ئەوەتا وەنەوشە بەم جۆرە دایەڵۆگ لەگەڵ ڕەحمەخان دەكات ودەڵێت"پووری َ گیان ئەوە لەكەیەوە كاك شەماڵ وئێوە حاڵتان وایە؟خوا فرسەتان بدات،بەڕاستی ئەم وەزعە غیرەت وجەرگی ئەوێت،بەهەموو كەس ناكرێ" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:81).لەوەڵامدا ڕەحمەخان دەڵێت"ئەزانی من لەكەیەوە حاڵم وایە؟هێشتا شەماڵ ومنداڵەكانی تر بچووك بوون...ساڵەهای ساڵە كورد هەر ئەمە حاڵیەتی،چەندەها جار ڕاپەڕیون لەو حكومەتە ڕەگەزپەرستە خراپەكان وچەندەها خەباتكەری كوردی قارەمان لەسێدارە دراون،جگە لەهەزاران شەهید كەلەمەیدانی شەڕا كوژراون.منیش لەزەمانی باوكی حەمەوە ئەمە حاڵمە تا ئێستە " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:81-82).فیداكاری لەپێناو خاك وسەربەستی ،یان پەیوەستبوونی تاكە بەهەڵوێستەكان بەمەسەلە هەستیارەكان،بەنموونەی ئازادی وسەرفرازی،دەچنە خانەی هەڵوێستە ڕەوشتییە باڵاكانی مەعریفەت.گەر وا نەبێت ئەوا شەماڵ وهاوڕێكانی سلێمانی وكەركوكی زۆر بەئاسانی دەیانتوانی ڕێگەیەكی تر بگرن وگەر نەشبوونایە بەپیاوانی ڕژێم وسیخوڕیكردن ئەوا دەیانتوانی وەك كەسانێكی سروشتی بژین ودوور بن لەكێشە وگرفتەكانی خۆشاردنەوە ودڵەڕاوكێ ودۆخە سایكۆڵۆژییە نالەبارەكان.بیركردنەوەی خانەوادەی ڕەحمەخان،لەڕوانگەی بەها مەعریفییە ڕەوشتییەكان،ڕێگەی نەدا كەخانووە كۆنەكەیان بفرۆشن كەبە گووتەی شەماڵ هەموو لەو ماڵە لەدایك بوون وهەزار یادگاری خۆش وناخۆشی لەگەڵدایە (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:133 ) وبۆتە شوناسێكی هەرە پیرۆزی جێگە.ئەم جێگەیەش بەشێكە لەنیشتمان.بەلای ئەم خانەوادەیەوە،فرۆشتنی بەچاوچنۆكەكان(گوروونە شەل) لادانە لەڕەوشتی نیشتمان.ئەوەتا ڕەحمەخان بەم شێوەیە دەدوێت"ڕەحمەخان دەستیدا بەسنگیا وسەری ڕاوەشاند وگوتی:پێم گوت ئەیەڕۆ چۆنی ئەفرۆشم بەخوا هەموو سەروەتەكەتم بدەیتێ نایفرۆشم"( گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:(133.

/2 توخمە ڕەفتارییەكان.ڕەفتار،بەدیوە باش وخراپەكەیەوە، بەشێكی گرنگی ڕەوشتە،بەڵكو دەبێتە كردارێكی دەرەكی بۆ ڕەوشت،وەك ئەوەی كەسەكان لەڕێگەی بینین وبیستنەوە دەتوانن پۆڵینی هەردوو سیفەتی باش وخراپ بكەن ( إبراهیم أحمد:35- 80)بەمەش ڕەفتار دەبێتە چالاكی كەسەكان وپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەدەورەبەرەوە هەیە.بۆ نموونە،گەر بەڕێوەبەرێك بەمەبەستی دەوڵەمەند كردنی خۆی بەرتیل وەربگرێت ئەوا ئەم كردارە ڕووبەڕوی ڕەفتارە ڕەوشتییەكان دەبێتەوە بەوەی ئەم كەسە،بەهۆی فینۆمینیای سۆسیۆڵۆژیاوە،ئامادەباشی وەرگرتنی ئەو بەرتیلەی هەیە،بەپێچەوانەوە بەڕێوەبەر هەیە بەرتیل كاری تێ ناكات وبەڕاستگۆیی ودەست پاكی وبابەتییەوە دەمێنێتەوە.ئەمەشیان،دیسانەوە،پەیوەندی بەفینۆمینیای ژینگە سۆسیۆڵۆژییەكانەوە هەیە.واتە،ڕەفتارە ڕەوشتییە ئەرێنییەكان خۆیان دەبیننەوە لەڕاستگۆیی ودەروون پاكی ودەست پاكی وڕێزگرتن وپەیوەستێتی وپەیوەندێتی وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی.ڕەفتارە ڕەوشتییە نەرێنییەكانیش پێچەوانەكەی،بەتایبەتی هەڵبژاردنی ملكەچی وڕسوایی وگەڕان بەدوای بەرژەوەندییە میتریاڵییەكاندا (مورای :115-116).لەڕووی فیكری وسیاسیشەوە،پرسیاركردن لەم كەسانە،ئایا دەكرێت نیشتمان بەنرخێكی هەرزان هەڕاج بكرێت وداگیركەران بەمەیل وئارەزووەكانی خۆیان تەراتێنی تێدا بكەن ودواتر ناسنامە وشووناس وزمان وئەدەبەكەشی بسڕنەوە؟لەچیرۆكەكەی گەلاوێژدا هەموو ئەمانەی سەرەوە،بەئەرێنی ونەرێنییەوە،جێگەی بۆتەوە.گەرچی لێكۆڵینەوەكە جەخت لەسەر دۆستگەرایی دەكات،بەڵام بەپێویستیشی دەزانێت ئاوڕێكی خێرا لەڕەفتارە نەرینییەكان بداتەوە،وەك ئەوەی بەراووردێك بكەین لەنێوان دوو جەمسەری ڕەفتاری جیاواز.لەسەر زاری وەنەوشە،كەلەچیرۆكەكەدا كەسێكی نموونە وئایدیاڵیزمییە،دەستگیرانەكەی لەلایەكەوە كەسێكی بێ بەزەیی ودڕەندە وبێ ویژدان"هەر چییەكم لێ بێت پێم خۆشترە وەك لەبەر دەستی ئەو دڕەندە پیسە بەدخووە بم" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:12).وەنەوشە ئەوەندە لەژێر هەڕەشەی دڕاندایەتیدا بوو بۆیە هەر ئەگەرێكی تر،بەناخۆشیشەوە،دەبێتە بابەتی هەڵبژاردن.گەر تۆزقاڵێك ویژدان،لەلایەن،دەستگیرانەكەیەوە هەبوایە ئەوا بەم شێوەیە مەنەڵۆگی نەدەكرد.جگە لەمەش،دەستگیرانەكەی وباوكی دەستگیرانەكەی هەردووكیان پیاوی حكومەت وسیخوڕیان بۆ پیاوانی حكومەت كردووە.سیخوڕییەكەش لەسەر هەژمار وهەڵوێستەی نیشتمان پەروەرانە.ئەوەتا ڕەحمەخان بەسوود وەرگرتن لەزانیارییە پێش وەختەكانی وەنەوشە بەم جۆرە باسیان دەكات ودەڵێت"ئەگەر بزانی بەسەر هاتی ئەو كچە چیە وچی لێقەوماوە وچ غەدرێكی لێكراوە ولەچنگی چ دڕندەیەكی بێشەرەف وبێویجدان پیاوی حكومەت ڕایكردووە نەك هەر سەرت سوڕ ئەمێنێ،بۆشت دەرئەكەوێ كەئەویش یەكێكە لەوانەی تۆ لەپێناوی ڕزگاركردنیدا خەبات ئەكەیت...مێردەكەی پوورێ (مەبەستی  ،پوری وەنەوشە– خورشە -)و كوڕەكەشی (مەبەستی دەستگیرانەكەی وەنەوشە) هەردووكیان پیاوی حكومەتن ودەستیان زۆر ئەڕوات یان ئەیگرن وئەتكی ئەكەن یا ئەیكوژن" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:54).ئەمە جۆرێكە لەڕەفتارە باڵاكان وفێربوونی  ڕاستییەكانی ڕەوشت،بەڵكو جۆرێكیشە لەڕەوشتە پێوەرییەكان كەهەڵدەستێت بەجودا كردنەوەی ڕەفتارە چەوتەكان لەڕەفتارە ڕاستەكان.هەر بۆ نموونە،ڕەحمەخان،گەر خاوەن ڕەفتارێكی ڕاست وباڵا نەبوایە،ئەوا لەكاتێكدا وەنەوشە لەشەمەندەفەرەكەدا لەتەنیشتوە دانیشت دەیتوانی قسەی خۆشی بۆ نەكات وخواردنی پێشكەش نەكردایە ودڵی وەنەوشەی نەدایەتەوە ولەگەیشتندا بۆ بەغدا خوڵقی میواندارێتی نەكردایە.بەڵام نەیتوانی ئەم كارە ئەنجام بدات، چونكە زۆر دوور بوو لەكەسێتی سۆسیۆڵۆژی ومەعریفییەوە. هەر زوو،خۆڕسكانە وبەشێوازێكی زۆر عەفەویی ولەسەرخۆ پێشوازی لەوەنەوشە كرد لەكاتێكدا پێشتر یەكتریان نەناسیبووو،یان نەدیبوو.واتە ئەوەی ڕووداوەكەی ڕزگاركرد بەئاقارێكی زۆر ئەرێنی ئەوە ڕەفتارەكە بوو.ئەم جۆرە ڕەفتارە دەبێتە سەرچاوەی ویژدان وچاكە ومرۆڤایەتی.بەمەش ڕەفتار یەكسان دەبێت لەگەڵ ڕەوشتدا،یان لەیەك بازنەی بیركردنەوەدا یەكدەگرنەوە وكارنامەكانیشیان جێگۆڕكێ دەكەن،تا ئەو ڕادەیەیی نجوداكردنەوەیان ئاسان نەبێت.لەم گۆشەیەوە،مۆتیڤی دۆستگەرایی،جگە لەڕەگەزە ئاینییەكان،خۆی لەسۆز وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی وتێگەیشتنە سۆسیۆڵۆژییەكان وبەهێزكردنی كەسێتییەكان دەبینێتەوە.لەخاڵی دەستپێكی چیرۆك،ڕەحمەخان باوەشی بۆ وەنەوشە كردەوە.ئەم خاڵە،بەتێپەڕینی زەمەن وڕووداوە جۆراوجۆرەكان، تاكۆتایی چیرۆك بەردەوام دەبێت،بەڵكو خاڵی دەستێك دەبێتە بەشێك لەتەوەری سینكرۆنی لەكاتێكدا زەمەن كاریگەر نابێت بەسەریدا وبابەتەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە." خەیاڵ نەكەیت،بەرەڵاتكەم،شكور ماڵ وحاڵ تایبەتی خۆمم هەیە،كچ وكوڕ بۆ خۆیان خۆشبن موحتاجی كەسیان نیم...هەر چیەكم لەتوانادا بێت وپێم بكرێت یارمەتیت ئەدەم وبۆت ئەكەم...من لەتۆ بێزار ببم ؟حەز ناكەم قەت قسەی وا بكەی،بەخوا لەڕۆحم خۆشەویستری وچەند ئاواتەخوازی خێر وخۆشی بۆ مناڵەكانم ئەكەم بۆ تۆش هەروەها وڕەنگە زیاتریش" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:24– 46- 47).لەبەرامبەردا وەنەوشەش هەمان ڕەفتار دەنوێنێت وزۆر بەئەمەك ووەفایە بۆ ڕەحمەخان وخانەوادەكەی بەتایبەتی شەماڵ .وەنەوشە دەڵێت"خوای گەورە،زۆر سوپاست ئەكەم كەوا ئەجرت دامەوە وتووشی ئەم خەڵَكە باشەت كردم،ئێستە مردنیشم لەگەڵ ئەوان شاییە .ئەوە خەڵكی وەكو ئەمانە ئازا و وڵاتپەرست هەیە وهی وەك ئەو پیسە خوێنمژانەی تریش هەیە" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:66).لەمیانەی دایەڵۆگی نێوان ڕەحمەخان و وەنەوشە، وەنەوشە هەڵوێستەو ڕەفتارێكی جوامێرانە دەبەخشێت بەڕەحمەخان وشەماڵ.ڕەحمەخان بەم شێوەیە لەگەڵیدا دەدوێت"بەقوربان من ئەبێ هەر ئێستە بڕۆم بەدوای دكتۆر حەسەنا،وەزع باش نیە،لەوانەیە ئێستە بێن ئێرە بگرن.ئەڵێم وەرە با بتبەم بۆ ماڵی ئەوان بالێرە نەبیت.وەنەوشە سەیرێكی كرد،بەچاوێكی پڕ دڵسۆزی وپەرۆشەوە گوتی:من بێم؟بەخوا هەنگاوم نایەت،گوایە من لەكاك شەماڵ وئێوە زیاترم؟ئینجا من ژیانم بۆچی یە بێ ئێوە.بەخوا هەر لێرە ئەمێنمەوە وچیش ئەبێ ببێت" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:71).گەر بابەتەكە بریتی نەبێت لەهەڵوێستە ڕەفتارییە ڕەوشتییەكان،دكتۆر حەسەن عەلی،كەپزیشكێكی كوردی فەیلی دانیشتووی بەغدا،بۆچی ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە ولەبری ئەمە ژیانێكی پڕ لەئاسوودە وبێ كێشە هەڵنابژێرێت!واتە گەر مەسەلەكە خاك ونیشتمان وكوردبوون نەبێت ئەوا ئەم دكتۆرە بەو شێوەیە هەڵسوكەوت ناكات.ڕەفتارەكانی جێگەی شانازی ڕەحمەخان وشەماڵ وهاوڕێكانی بوون.هەر كێشەیەك لەئەندامانی ڕێكخستنی بەغدا دروست بوایە،ئەوا ڕوویان لەم دكتۆرە دەكرد.لەنێو چیرۆكەكەدا چەند جارێك ئەم كارێكتەرە بەئەركی فیكری وڕەوشتی خۆی هەڵساوە.بۆ نموونە،لەكاتێكدا ڕەحمەخان وەنەوشەی برد بۆ ماڵی دكتۆر حەسەن عەلی تاخۆی هەندێك كاری ڕێكخستنی بكات،بەم شێوەیە باسی ڕەفتاری ئەم دكتۆرەی كرد"پوورێ هەستایە سەرپێ و وەنەوشەی پێش خۆ داو وسواری پاس بوون تا گەیشتنە دەوروبەری (ئیمام كازم )،لەوێ دابەزین وڕوویانكردە ماڵێكی سەرپەڕی كۆڵانێك كەلەسەر دەرگاكەی نووسرابوو _دكتۆر حەسەن عەلی).پوورێ مێشكی شێوا بوو،دوو دڵی وڕاڕایی وترس بەزەیی وغیرەت سەریان لێ تێكدابوو.نەیئەزانی بەتەواوی كەوا ئەبێ چی بكات.بەڵام ئاخری چاری نەما كەلەدەرگای ماڵی دكتۆر حەسەن بدا كەیەكێك بوو لەخەباتكەرە هەرە دڵسۆزەكانی پارتی وكەوا لەژێر پەردەی دكتۆری وئیشكردن لەخەستەخانەكانی حكومەتدا چەندان كردەوەی پیاوانە ومەردانەی ئەكرد وهەمیشە جانتاكەی دەستی لەگەڵ كەلوپەلی دكتۆریدا كۆڵێ بەیاننامە وكاغەزی قەدەغەكراوی تیابوو كەئەیبرد بۆ ئەملاو ئەولا " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:50).هەڵوێستەو ڕەفتاری وەنەوشە بەڕەهەندە سۆزدارییەكەوە نەوەستا وهەر زوو تێكەڵ بەخەباتی شەماڵ وكوردایەتی بوو.لەمەشیاندا ڕەفتارەكانی جێگەی ستایشە بەوەی ئافرەتێكی زۆر جوان وقەشەنگ لەدۆخێكی سۆسیۆڵۆژییەوە بگوێزرێتەوە بۆ دۆخێكی فیكری وسیاسی.قورسایی هەردوو ڕەهەندە هاوشێوەن. گێڕەوەر دەڵێت"پوورێ سەری سوڕما لەكاری خوا ولەو هەموو جوانیەی كەلەژێر ئەو عەبایەدا شارابۆوە" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:17).زاوای ڕەحمەخان(مێردی شەرمن )، لەسەر جوانی وەنەوشە،هەمان تێبینی هەیە ودەڵێت"بۆ خاتری خوا ئەمە چ كچێكە.وای چەند جوانە،بەڕاستی هەر ئەڵێی پەرییە.ئەمە خەسووم ئەم ئامۆزازایەی لەكوێ شاردبۆوە " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:26).لەگۆشە فیكری وسیاسییەكەشەوە،وەنەوشە،بەكاریگەری ڕەفتارە ڕەوشتییە ئەرێنییەكەی ژیانی خۆی دەكاتە قوربانی خاك ونەتەوە وكوردبوون ولەكۆتایی چیرۆكەكەدا،دوای ئەوەی بەشدار دەبێت لەخۆپیشاندانەكان دژ بەحكومەت وڕژێم،شەهید دەكرێت"ئەیانگوت لەناو شەهیدەكاندا كچێكیان تیابووە هەموو شارەكە بۆ بەداخەوە بوون.لەهەموو شوێنێك باسیان ئەكرد،ئەیانگوت چەندە جوان وشۆخ ونازدار بووە،ئەوەندەش ئازا وبەجەرگ بووە...گوتیان خەڵكی سلێمانی نەبووە وبەمیوانی هاتبوو بۆ ماڵە ئاشنایەكی وئیتر ئەو ڕۆژە ئەویش لەگەڵیان ئەچێت بۆ خۆپیشاندانەكە ولەیەكەم دەستڕێژ گوللەیەك ڕاستەوخۆ بەر سەری ئەكەوێت ودەستبەجێ شەهید ئەبێت (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:248-249 ).

/3  توخمە هەستی وهەڵچوونییەكان.گەرچی،لەڕوانگەی سایكۆڵۆژیاوە، چەندین تیۆر ولێكۆڵینەوە لەسەر ئەم توخمە هەیە،بەڵام بەشێوەیەكی گشتی  بریتیە لەهەستكردن بەبەرپرسیارێتی دۆخە جیاوازەكان،یان دۆخێكی ویژدانی بەهێزە كەبەدوایەوە گۆڕانكارییە سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژییەكان دێت.سروشتە سەرەكییەكەشی خۆی لەهێزی هەستەكان وجووڵەی خودەكاندا دەبینێتەوە وخودە بكەر وبەئەزموونەكان كەسێتی خۆیان تێكەڵ بەهیواو ئامانجە ئەرێنییەكانی ڕەوشتە باڵاكان دەكەن.لەلایەكی ترەوە،توخمە هەستی وهەڵچوونییەكان لەكاتە قەیران وستەمە گەورەكاندا بەرجەستە دەبن.لەپێناو پراكتیزمەكردنی ئەم توخمە لەچیرۆكەكەی گەلاوێژ،كار لەسەر بۆچوونەكانی گەورە زانای سایكۆڵۆژیای ئەمریكی (سیلڤان تۆمكنز -1911- 1991)دەكەین لەكاتێكدا ئەم توخمەی دابەشكردووە بەسەر سێ جۆر لەهەڵچوونەكان (Scherer:133-137   )،ئەوانیش:

أ –هەستە هەڵچوونییە ئەرێنییەكان.ئەم جۆرە بریتیە لە گۆڕینی ئاڕاستەكان،لەناخۆشییەوە بۆ خۆشی وپێچەوانەكەشی هەر دروستە.چیرۆكی "ڕێبوارێكی سەرگەردان"لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزراوە.لەسەر ئاستی كەسێتی وڕووداو،هەڵكشان وداكشان بەئاشكرا هەستی پێ دەكرێت.یان ،بەئاڕاستەیەكی تر،سەرچاوەی هەڵكشان وداكشانی دیمەنی ڕووداوەكان بریتیە لە هەستە هەڵچوونییەكان،ئەمەش لەڕێگەی كەسێتییەكانەوە بەدەردەكەوێت،لەكاتێكدا كەسە خاوەن هەستە باڵاكان قایل نابن لەبازنەیەكی داخراوی بەرژەوەندیدا بسووڕێنەوە،بەڵكو هەمیشە مەیلیان بۆ بابەتە هەستیار وبەكێشەكاندا دەڕوات.لەنێو ئەم هەڵكشان وداكشانەدا ڕووبەڕوی چەندین دیمەنی كاریگەر،بەئەرێنی ونەرێنییەوە دەبنەوە.لەگەڵ ئەوەی هەندێك جار، بەهۆی باوەڕبوون بەمەسەلەكانیانەوە، نەرێنییەكان ڕۆڵی نائامادەبوون دەبینن.گەر كەسێتی وكارێكتەری وەنەوشە بەنموونە وەربگرین،ئەوا سەرەتای ئەم كارەكتەرە بەناخۆشی دەستی پێكردووە.هەر لەمنداڵییە ودواترپێش هەڵهاتنی لەدەست زوڵم وستەمی خێزانی دەستگیران و وباوكەكەی،ڕۆژانە چەوسانەوە سایكۆڵۆژییەكان ڕووبەڕوی دەبێتەوە"ئای پوورێ گیان ئەوە خواردن ومیوەم ئەدەیتێ؟ئەگەر ئەزانی من لەچ حاڵێكدام، چۆن سەرلێشێواو وسەرگەردانم...ژیانی وەكو پەردەی سینەما هەمووی بەمێشكیا تێ ئەپەڕی ،هەر لەمنداڵیەوە كەچۆن تووشی نەگبەتی ببوو وچۆن دایك وباوكی هەر لەبیر نایەت ئەوە نەبێت كەلەخزم وكەس بیسووە كەئەیانگوت باوك ودایكی چەند ئینسانی باش ولێشاوە بوون وخاوەنی دیوەخان وماڵ وحاڵ باش بوون كە چەندیان ئەم خۆشئەویست وچەند نازدار وهەمیشە لەسەر دڵیان بوو..لەڕێگەی چوونە سەر شایی خزمێكیان لەلادێ وبەسەهو دەسترێژییان لێ كرابوو وكوژرابوون،بەڵام ئەم لەباوەشیانا بوو وهیچی بەرنەكەوتبوو" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:18-19 ).لەڕێگەی ڕێكەوتەوە وبەیەكترناسینی لەگەڵ ڕەحمەخان،دۆخەكە تاڕادەیەك هێور دەبێتەوە،ئەمەش دوای ئەوەی ڕەحمەخان،بەهۆی چەمكی دۆستگەراییەوە،یارمەتییەكی سایكۆڵۆژی وڕۆحی دا.بەڵام ترسەكان هەر ماون"باشە ئێستە من بۆ كوێ ئەچم؟بەغدای چی؟..نەكەس ئەناسم نەڕێگاو بان.ئەمە من بۆ كوێ ئەچم؟...بەچ مەعلووم ئەو دڕندە بەدخووەش لەفارغۆنەكانی ترا نیە وئەویش بۆی ناگەڕێت...ئینجا كێ ناڵێت منی بەدی نەكردووە ونەگەڕاوەتەوە بۆ ئیستگەی شەمەندەفەرەكە،هیچ دوور نیە.ئەی خوایە گیان چی بكەم،ئەی باوكەڕۆ " گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:12- 15).بەتێپەڕاندنی زەمەن،دڵەڕاوكێی وەنەوشە هێور دەبێتەوە،تادەگاتە ئەو باوەڕەی كەبەدڕەوشتی دەستگیران لەشەمەندەفەرەكەدا نیە.لەهەمان كاتیشدا،باوەڕبوونی بەڕەوشت وڕەفتارە ئەرێنییەكانی ڕەحمەخان ئەوەندەی تر دۆخی سایكۆڵۆژی بەرەو ڕەوینەوە دەبرد"تا ئەهات شەمەندەفەرەكە دوور ئەكەوتەوە،وەنەوشە دڵنیاتر ئەبوو وترسەكەی كەم ئەبووەوە...وابزانم بەختم هەبوو كەتووشی ئەم ژنە باشە بووم.بەس نەبوو نەچوومە فارغۆنێكی ترەوە...زوو باوەشی بۆ كردمەوە وخۆشەویستی خۆی بۆ دەربڕیم" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:11 -13).بەگەیشتنیشیان بۆ بەغدا،دڵەڕاوكێی شەوبۆ تەواو كۆنترۆڵ كرا دوای ئەوەی كەس وكاری ڕەحمەخانی بینی(شەرمن ومنداڵەكانی وشەماڵ وهاوڕێكانی).ئەم دۆخە زۆری نەخایەند ودۆخێكی جیاوازتر سەری هەڵدا.جارێكی تر، ترس ودڵەڕاوكێ پێی نایە قۆناغی فیكرێكی سیاسییەوە.خۆشاردنەوە وڕاونان لەلایەن پیاوانی ڕژێمەوە تەوەرێكی تری هەستە هەڵچوونییەكانە،بەڵام لەجۆری ئەرێنی بەوپێیەی ڕەحمەخان وخانەوادەكەی وهاوڕێیانی شەماڵ لەپێناو مەسەلەیەكی پیرۆزدا كارەكانیان دەكرد وهیچ بەرژەوەندییەك چاوەڕوانی نەدەكردن جگە لەخۆبەشی وفیداكاری نەبێت.ئەمەش جۆرێكە لەهەستە هەڵچوونییەكان بەوەی هەستی تاكەكەسی دەتوێتەوە لەهەستە باڵاكاندا بەنموونەی خاك ونەتەوە ونیشتمان.لەگەڵ ئەوەی پێشتر كەركوك جێگەیەكی ترسناك بوو بۆ وەنەوشە،بەڵكو ناڕەحەتییەكانی لەو شارەدا بەسەر بردووە ولێی ببووە گرێیەكی گەورەی سایكۆڵۆژی وسۆسیۆڵۆژی،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ولەپێناو مەسەلە پیرۆزەكەی جارێكی تر لەگەڵ ڕەحمەخان دەچێتەوە بۆ كەركوك.كەركوكی ئەم جارە زۆر جیاوازە لەوەی پێشوو،تێكۆشان وڕێكخستن وهەوڵدان لەپێناو سەربەستی.لەگەڵ ئەمەشدا ترسە كۆنەكان لەبیرو هزری وەنەوشەدا هەر مابوونەوە .ئەمەش بەومانایە دێت كەڕووداوەكە بەشێكە لەپەیوەندێتی هەستی هەڵچوونی تاك بەڕووداوەكانەوە وەك ئەوەی ئەم جۆرە تاكانە شوێنكەوتەی ڕووداوەكان بن.ئینجا ڕووداوەكان لەبەرژەوەندی بێت یان پێچەوانەكەی.ئەمە بەلای پسپۆڕانەوە پێی دەگوترێت "ڕەفتاری ڕۆڵە زیادەكان" یان "ڕەفتاری پشتگیرییە سۆسیۆڵۆژییەكان"یان "ڕەفتاری هاونیشتمانێتی" ( راتب السعود:31- 57).لەبەر ئەوە ترسەكان،بەهۆی هێز وزاڵبوونی چەمكی پەیوەستبوون، هەر زوو دەڕەوێنەوە ودۆخەكە،هەروەك پێشتر ئاماژەمان پێدا، دەگەڕێتەوە بۆ كردارە ئەرێنییەكان.لەگەڕانەوەیاندا بۆ كەركوك،وەنەوشە ڕوو لەڕەحمەخان دەكات ودەڵێت"ئەزانی ترسم لێ نیشتووە،ئەڵێم نەوەكا كەسێك بماناسێتەوە " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:108).بەكاریگەری مەسەلە گەورەكە (فیكر)هەر زوو ئەم ترسە كۆتایی پێ دێت،بەجووتە بیریان لەكارەكەی خۆیان دەكردەوە،كەڕاسپاردەیەكە وپێویستە بیگەیەننە دەست كەسێكی دوكانداری خەباتكەر(مەریوان) ولەوێشەوە كارەكە زیاتر پێی نایە قۆناغێكی زۆر جیاوازەوە ولەلایەكەوە چاوپێكەوتنی وەنەوشە لەگەڵ شەماڵ وهەستە ڕۆمانسییە سۆزدارییەكەیان.لەلایەكی تریشەوە چالاكییە ڕێكخستنییەكەیان (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان: 120- 125).لێرەدا، هەستە هەڵچوونییە ئەرێنییەكان توانای زاڵبوونی بەسەر هەستە هەڵچوونییە نەرێنییەكاندا هەیە ئەمەش لەكاتێكدا كەسەكان بەنموونەی وەنەوشە وڕەحمەخان وشەماڵ هێزە دۆستگەراییەكانیان بەكاردەهێنن ودوور دەكەونەوە لەخۆپەرستی .بۆیە دۆستگەرایی دەبێتە خۆراكێكی هەرە بەهێزی زاڵبوون بەسەر توڕەیی وزوڵم وستەم وناخۆشییەكان.بەمەش هەستە هەڵچوونییە ئەرێنییەكان دەبنە هێزێكی بزوێنەر بۆ بەدەستهێنانی هیواو ئامانجە پیرۆز وباڵاكان وكاركردن لەسەر زیادبوونی چالاكییە ئەرێنییەكان وڕزگاربوون لەئێش وئازار ومەینەتییەكان وبەدەستهێنانی خۆشی وئەنجامێكی تەندروست وشایستە.هەموو ئەمانەش لەڕێگەی دۆستگەراییەوە پەیدا دەبێت نەك پێچەوانەكەی.

ب –هەستە هەڵچوونییە نەرێنییەكان.ئەم جۆرە  باس لەكردارە ناڕەزایی وترس وناشیرین وشەرمنەكان دەكات ولەهەمان كاتیشدا كاردەكات لەپێناو كەمكردنەوەی چالاكییەكان وئەنجامەكانی.بەڵكو ئەمە ئەو جۆرە هەستەیە كەسەرچاوەكەی بریتیە لەناخۆشییەكان ولەپێناو سەركوتكردنی مەسەلەكان وخوڵقاندنی ئەنجامە نەرێنییەكان. كار دەكات.گەرچی لەسەر ترس،بەنموونە، وبەپێی قۆناغەكانی تەمەن وزەمەن چەندین لێكۆڵینەوەی سایكۆڵۆژی ئەنجام دراون بەڵام كێشە سۆسیۆڵۆژییەكانیش ڕۆڵی بەرچاویان هەیە لەدروستبوونی.هەر لەسنووری خێزانەوە تادەگاتە هەڕەشە دەرەكییەكان بەنموونەی نەبوونی ئازادی ودادپەروەری ویەكسانی.لەم گۆشەیەوە،ئەم ترسە هۆكارێكیشە بۆ كەمكردنەوەی هیواكان.كەواتە ترس لەوكاتانەدا بەرجەستە دەبێت كەمەترسییەك،لەسەر ئاستی تاك وتێكڕای خەڵكی ومەسەلە گەورەكان، ڕوو بدات.ناڕەزایی خواستێكی هەڵچوونییە نەرێنییەكانەوە ولەدەرئەنجامی زوڵم وستەم دروست دەبێت.واتە لەكاتێكدا كەسەكان ،یان مەسەلەكان، دەكەونە ژێر هەڕەشەی كردارێكی دەرەكی ئەوا ناڕەزایی بەدەردەكەوێت.ترس وناڕەزایی جۆرە دڵەڕاوكێیەك لەسەر سایكۆڵۆژیای كەسەكان دروست دەكەن .لێرەدا پرسیارەكە لەوەدایە ئەم ترس وناڕازییە بەسەر كێوە دەنیشتێتەوە؟وەك پێشتر ئاماژەمان پێداوە،چیرۆكی "ڕێبوارێكی سەرگەردان"خۆی لەدوو جەمسەری جیاوازدا دەبێنێتەوە،جەمسەرێكی سۆسیۆڵۆژی وجەمسەرێكی فیكری وسیاسی.چەمكی دۆستگەراییش بەیەكسانی لەهەردووكیاندا كار دەكات.ترس وناڕازییەكەش دابەش بووە بەسەر ئەو دوو جەمسەرەدا.لەلایەكەوە،وەنەوشەو گوشارە سۆسیۆڵۆژییەكان وكوشتنی دایك وباوكی لەسەرەتای منداڵییەوە ودواتر ئازاردانی لەلایەن دەستگیران وخانەوادەكەیەوە.لەهەمووشیان قورستر،هەڵهاتن بەرەو فەزایەكی نادیار كەخۆشی نازانێت ئەنجامەكەی بەرەو كوێ دەڕوات!."بەهەناسەبڕكێ وخێرایی وهەنگاوی وەك ڕاكردن،خۆی ئاخنیە ناو ئەو خەڵكەی لەئیستگەی شەمەندەفەرەكە ڕاوەستابوون.دڵی وا پەلەپەلی ئەكرد ئەتگوت ئێستە سنگی شەق ئەكات ودەرئەپەڕێتە دەرەوە...لەدرزی عەباكەیەوە وبەلەتێكی چاو وبەترس ولەرز ئاوڕێكی دایەوە وسەیرێكی دەوروبەری خۆی كرد...باشە ئێستە من بۆ كوێ ئەچم؟..بەڕاستی من بۆ وا شێت بووم،كاشكێ ملم بشكایە ووام نەكردایە...وەنەوشە لەرزەكەی هێشتا بەری نەدابوو كەچاوی بەپیاوی بلیتەكان كەوتبوو وە وای زانیبوو كەپۆلیسە..لەپڕ وەنەوشە سڕ بوو ودڵی داخورپا ودەمی وشكبوو وئەژنۆی لەرزی كەبینی یەكێ بەجلی وەك پۆلیسەوە هاتە ژوورێ وهەر بەو چاوتروكاندنە هاتە خەیاڵ كەئەمە پۆلیسە هاتووە فارغۆنەكان ئەگەڕێت بەدوای ئەمدا" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:7- 12 -14-15).بابەتی ناڕەزاییەكەشی خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كەئەم تەمەنی حەڤدە - هەژدە ساڵە وبەزۆریش ویستویانە بیدەن  بەشوو بەكەسێكی بێ ویژدان وبەدەڕەوشت.دیارە، لەگۆشەیەكەوە،جیاوازی ڕەوشت وڕەفتار لەنێوانیادا ولەگۆشەیەكی تریشەوە چەمكی زۆرەملێی كاردانەوەی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت."وەنەوشە...لەدڵی خۆیا گوتی:بەڵێ بەگ بەتەمابوو پێنجشەمەی داهاتوو مارەمكات وبمگوێزێتەوە بۆ جەنابی.هەروا ئاسان،شاری بێ ساحێبە،بێ ئەوەی حەز بكەم بەزۆری زۆرداری كەچاكیش ئەیزانی چەندم خۆشئەویست ماشەڵڵا...ئای پوورێ گیان كەئەو مێردەی پوورم وكوڕەكەی ودەستەودایەرەكەیان ئەو غەدرەیان لەو خەڵكە فەقیر وهەژارە ئەكرد وئازاریان ئەدان وبەگرتیان ئەدان،دڵم هەر ئەبوو نەئەتوایەوە.لەگەڵ پوورەكەم كەژنێكی چاك بوو بەشەوان دائەنیشتین بەدزیەوە ئەگریاین بۆ ئەو خەڵكەی كەئاگامان لێبوو چ زووڵمێكمان لێ ئەكرێ،بەڵام دەسەڵاتمان نەبوو " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:22- 49).ترس وناڕازی خانەوادەی ڕەحمەخان دەگڕێتەوە بۆ هەڵوێستە فیكری وسیاسییەكانیان.خەباتی نهێنی لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەستی وئازادی وسەربەخۆیی وئاشكرانەبوونیان لەدەست ڕژێم وپیاوەكانی"پوورێ داما ولەدڵی خۆیا گوتی ئەڵێ چی بەشەماڵ بڵێم ئینجا كێ ناڵێت ئەویش نایكا بەهەرا بەتایبەتی كەحاڵی وایە.پوورێ شڵەژا ولەدڵی خۆیا گوتی دەوەرە قاچاغی شەماڵ بەس نەبوو،ئەم كچە بەسەزمانەشی هاتە سەر،ئێستە كامیان ئیدارە بكەم وكامیان بشارمەوە...ئاخر بیرت لەوە نەكردەوە كەوا خۆت كوڕێكی قاچاغت هەیە وحكومەت بەخوێنی سەری تینووە تۆ چۆن خۆت لەخەڵكی وا ئەگەیەنی...كێ ئەڵێت كچە(وەنەوشە) ڕازی ئەبێت  بەكوڕەكەی (شەماڵ) یا بەو ژیانە سەختە پڕ مەترسییەی كوڕەكەی" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:34-35- 43).لەكۆتایشدا ولەئەنجامی چەوسانەوە وستەمی ڕژێم خۆپیشاندان دژ بەدەسەڵات دەستی پێكرد وناڕەزاییەكان هەمووانی گرتەوە بەتایبەتی مەڵبەندی تەقینەوەكە لەشاری سلێمانی بوو.دەرئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە وبەیارمەتی هێزێكی سەربازی كۆتایی بەڕژێمی پاشایەتی هات لە14 تەموزی 1958" ژن وپیاو دەرئەپەڕینە دەرەوە،بەجنێو وبەبڕوخێوە وبۆ بەردەركی سەرا وهەر ماڵان بوون ودەرگایان خستبووە سەرپشت وبڕەداری كەڵەكەكراوی زستانیان ئەدایە دەست خەڵك وهەر ژن بوون بەو شەوە عەبای لەخۆی پێچابوو وڕایكردە بەردەركی سەرا،ئاخری ئەو شارە وئەو جادە گەورەكەی بەردەمی سەرا ودەوروپشتی وای لێهات ئەتگوت بەجارێك حەشرە ولافاوی ڕەش وبۆر هەستاوە" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:246 ).هەموو ئەمانە دەرهاویشتەی هەستە هەڵچوونییە نەرێنییەكانەكەیارمەتی تاكەكان دەدات بۆ كاری ڕووبەڕوبونەوە وپارێزگاری لەكەسێتی خود وباوەڕە سۆسیۆڵۆژی وسیاسییەكان.بەمانایەكی تر،ئەم جۆرە هەستە جۆرێك لەململانێ دروست دەكات بەتایبەتی لەگەڵ نەیارەكاندا.ململانێكەش بەمەبەستی دەربازبوون لەقەیرانەكان.لەهەمان كاتیشدا ئەم جۆرە هەستە هەڵچوونییە نەرێنیانە قورسایی چەمكە وێژدانی ومرۆڤ دۆستییەكان زیاد دەكات لەڕووی بەرگری مرۆڤەكان بەرامبەر كێشە نالەبارەكان.

ج _ هەستە هەڵچوونییە بێ لایەنییەكان.ئەمەش خۆی لەمەسەلە كتوپڕییەكاندا دەبینێتەوە.مەودای ئەم هەستە زۆر كورتە(Ekman:169)،لەوكاتەنەدا ڕوو دەدات كەتاكەكان پێشبینی شتەكان ناكەن.یان بریتیە لەزانیارییە كتوپڕییەكان كەدەرئەنجامی گۆڕانكارییە كتوپڕییەكان ڕوودەدەن ودواتر دۆخەكان هێور دەبنەوە.لەجەمسەرێكی ترەوە،ئەم جۆرە بریتیە لەچالاكییەكانی هەردوو جۆری پێشوو،ئەرێنی ونەرێنی،پێكەوە.بۆ نموونە لەكاتێكدا حەللاج،بەكارێگەری مەسیح،دەڵێت "بەمردنم جیهان سەردەكەوێت" ئەوا ئەم دەستەواژەیە،لەیەك كاتدا، هەردوو هەستە هەڵچوونییە ئەرێنی ونەرێنییەكان لەخۆ دەگرێت.لەنەرێنییەكەدا هەست بەزوڵم وستەم دەكرێت بەرامبەر بەنامەكەیان.لەهەمان كاتیشدا هەست بەپێچەوانەكەی دەكرێت بەوەی كوشتنی ئەمان سەركەوتن بۆ تێكڕای خەڵكی وجیهان بەدەست دەهێنێت.هەموو ئەمانەی سەرەوە لەچیرۆكەكەی گەلاوێژدا جێگەی دەبێتەوە.وەنەوشە،دوای ئەوەی،لەلایەن بێ ویژدانەكانەوە، پێشێلی مافەكانی كرا بەهۆی هەژاری وبێكەسی وبێ دەسەڵاتییەوە لەجێگەكەی خۆی هەڵدێت بەرەو فەزایەكی نادیار وخۆشی ،هەروەك پێشتریش ئاماژەمان پێداوە،نازێت بەرەو كوێ دەڕوات وچیشی بەسەر دێت.بەڵام هەر زوو ئەم دۆخ وبیركردنەوەیە دەگۆڕێت،ئەویش بەهۆی چەمكی كتوپڕییەوە.ئامادەبوونی ڕەحمەخان لەفارغۆنی شەمەندەفەر ودانیشتنی لەتەك وەنەوشەو پێشكەش كردنی ڕۆحی یارمەتی كەرەستەیەكی بەهێزی كتوپڕییەكە بوو.دۆخەكە لەدڵەڕاوكێ وترسەوە پێی نایە قۆناغی ئارامییەوە.لەگەڵ ئەمەشدا وبەهۆی فلاش باكەوە جارێكی تر وەنەوشە لەئارامییەوە پێدەنێتە ترس ودڵەڕاوكێ.گێڕەوەر دەڵێت"وەنەوشە خەیاڵ هێنای وخەیاڵ بردی.جارێ دڵی خۆی قایم ئەكرد وئەیگوت هەر ئەوەم باشكرد كەهاتم وجاریش سڕ ئەبوو ودڵی دائەخورپا كەبیری ئەكەوتەوە كەبەینێكی تر هەر ئەگەنە بەغدا ئینجا ئەوسا ئەم چی بكات" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:13).ئەم دیمەنە بێ لایەنە كەلەیەك كاتدا دوو ڕەهەندی بیركردنەوەی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت دەرئەنجامی دوو مۆتیڤی جیاوازی ترە،ئەوانیش گوشاری بەدڕەوشتی وگوشاری دۆستگەرایی.سەرچاوەی بەدڕەوشتییەكە دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنی ڕابردوو (خێزانی).سەرچاوەی دۆستگەراییەكەش دەگەڕێتەوە بۆ زەمەنی ئێستا (یارمەتییەكانی ڕەحمەخان).لەلایەكی ترەوە،وەنەوشە لەنێو بازنەیەكی سۆسیۆڵۆژی،لەجۆری نەرێنی،سەرچاوەی گرتبوو،بەڵام ڕەحمەخان ومنداڵەكانی لەنێو بازنەیەكی فیكری،لەجۆری ئەرێنی،سەرچاوەی گرتبوو.لەهەردوو سەرچاوەكەدا چەمكی هەستە هەڵچوونییە بێ لایەن وكتوپڕییەكان ئامادەبوونیان هەیەوەك ئەوەی بابەتەكە بەسۆسیۆڵۆژیا دەست پێ بكات ودواتر،بەهۆی فاكتەرێكەوە،كتوپڕ دەگوێزرێتەوە بۆ بابەتێكی زۆر جیاواز.مەودای ئەم گواستنەوەیە زۆر كورتە ودواتر بۆ جارێكی تر ولەڕێگەی خۆشەویستییە یەزدانی ومرۆڤایەتییەكانەوە بابەتی فیكر وسیاسەت دەگوێزرێتەوە بۆ بابەتێكی سۆسیۆڵۆژی.واتە بەگەیشتنی وەنەوشە بۆ بەغدا وچاوپێكەوتنی لەگەڵ شەماڵ دۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات.ئەم دۆخەش زۆری نەخایاند وهەر زوو پێ نایە دۆخێكی ترەوە ئەویش بیركردنەوە فیكری وسیاسییەكان.بەمەش مەسەلەكە وەك بازنەیەكی كراوەی لێهات وهەستە هەڵچوونییە كتوپڕییەكان بزوێنەری جووڵە وگۆڕانكارییەكان بوون."شەماڵ ڕاپەڕی ودەستیدا بەیەكدا وگوتی:ئای ماڵت كاولبێ خۆ كردت بەڕاست،ئیشەڵڵا بۆمی ئەهێنی ولێشمی مارە ئەكەیت،وەڵڵا هەموو شتێكت لەدەست دێت" (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:55).یان گێڕەوەر دەڵێت"وەنەوشە دڵی خۆشبوو وكەوتە گۆمی خەیاڵی خۆشەوە،وئیتر كەوتە سەعات ودەقیقە ژماردن كەكەی شەماڵ ئەنێرێت بەشوێنیا.شەوانیش تا نیوە شەو خەیاڵی ئەكردەوە وخەوی بەشەماڵەوە ئەبینی " (گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان:200 ).

- ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە:

لێكۆڵینەوەكە،ئەم ئەنجامانەی لای خوارەوەی بەدەستهێناوە:

- دۆستگەرایی هەڵقوڵاوی چەمكە خۆڕسكی وفینۆمینیای دەوروبەرە ودووردەكەوێتە لەنواندنە دەستكرد ونمایشە شانۆییەكان،بەڵكو بەشێكە لەناخ وسایكۆڵۆژیای تاكەكان.

- دۆستگەرایی دەبێتە تاقیگەیەك بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵە سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژییەكان.یان مۆتیڤ وبزوێنەری گۆڕانكارییەكانە لەدۆخێكی ناشیرین بۆ پێچەوانەكەی.هەر بۆنموونە،چیرۆكی "ڕێبوارێكی سەرگەردان"فێرمان دەكات كەچۆن ولەچ كاتێكدا پیاوەتی وچەمكی مەردانە پێشكەش بكەین بەتایبەتی لەكاتی كارەسات ولێقەوماندا.یان لەڕووداوە نەخوازراوەكاندا وەك بڵێن پیاوەتی وغیرەتی پیاوەتی ودۆستگەرایی لەكاتە هەستیارەكاندا بەدەردەكەوێت.ڕەحمەخان زۆر باش دەیتوانی بێەنگ بێت لەئاست دیمەنەكانی وەنەوشە بەڵام بێدەنگی ڕەتكردەوە ولەبری ئەمە قۆڵی زیرەكی وزرنگی لێ هەڵكرد ویارمەتی جۆراوجۆری وەنەوشەی دا،بەڵكو ڕێڕەوی ژیانی گۆری گەرچی كۆتاییەكەشی بەمەرگەسات كۆتایی هات كەئەمە خواستێكی وەنەوشە بوو دەرهەق خاك ونیشتمان وئازادی وسەرفرازی.

- دۆستگەرایی پڕۆسەیەكی هەستكردن وتێگەیشتنە بۆ دۆخ وهەڵوێستەكان كەخاوەنەكەی مەبەستێتی ڕەفتاری كەسە پێویستەكان بگۆڕێت وپارێزگاریشیان لێ بكات.لەچیرۆكەكەدا،چیرۆكنووس،گەلاوێژ،مانای ژیانمان بۆ دەكاتەوە كەبریتیە لەهەڵَكشان وداكشان،خۆشی وناخۆشی،پیاوەتی وناپیاوی،جوامێری وخوێڕیەتی،خۆشەویستی بۆ نیشتمان وفیداكاری لەپێناویدا وفرۆشتنی نیشتمان لەپێناو چەند قڕۆشێكدا.

- دۆستگەرایی بەهەرسێ جۆرەكەیەوە كەئاماژەمان پێداوە،هۆكارێكی گرنگی گەیاندنە لەنێوان ڕەفتار وڕەوشتی تاك وجێگە وزەمەنە جیاوازەكان.

- جیاوازی ڕۆشنبیری وسۆسیۆڵۆژی دەلاقەی گەورە دەخوڵقێنێت لەنێوان كەسەكاندا وهەندێكیان بەنەفامی وئەوانی تر بەژیری.یان هەندێكیان بەهەڵوێستەی مرۆڤایەتی وئەوانی تر بەبەدڕەوشتی.واتە گەر ئاستی ڕۆشنبیری لەنێوان جەمسەرە جیاوازەكان هاوشێوە بوایە ئەوا چەمكی سیخوڕی وبەدڕەوشتی ونادیموكراسی كۆتایان پێدەهات.بەڵام جیاوازی ڕۆشنبیری وبیركردنەوە بۆشایی زل وقەبە دەخوڵقێنێت وبەمەش ململانێی نێوان ئەو جەمسەرانە كۆتاییان پێ نەهاتووە.

- پەراوێز وسەرچاوەكان:

- القرآن الكريم.

- گەلاوێژ،ڕێبوارێكی سەرگەردان،ناوەندی چاپەمەندی وڕاگەیاندنی خاك،چاپی یەكەم ،سلێمانی ،2002.

- إبراهيم أحمد,التعاطف والإيثار وعلاقتها بتقدير الذات لدى الأطفال,مجلة كلية التربية بالزقازيق,العدد 4.
- إبراهيم مدكور,المعجم الفلسفي,مجمع اللغة العربية,الهيئة العامة لشئون المطابع الأميرية,القاهرة,1983.
- توفيق الطويل,الفلسفة الخلقية:نشأتها وتطورها,منشورات منشأة المعارف,الاسكندرية,ط 1 ,1960.
- حنان العناني,المساعدة والإثار لدى عينة من معلمي الأطفال في الأردن,مجلة جامعة النجاح للأبحاث (العلوم الانسانية),المجلد 21(4),2007.
- راتب السعود وسوزان سلطان,سلوك التطوع التنظيمي لدى اعضاء الهيئات التدريسية في الجامعات الأردنية العامة وعلاقته ببعض المتغيرات الديمغرافية,مجلة العلوم التربوية والنفسية,9 (4).
- سعد جلال,المرجع في علم النفس,دار المعارف ومصر,1983.
- عبدالرحمن بدوي,فلسفة الدين والتربية عند كانط,المؤسسة العربية للدراسات والنشر,بيروت,1980.
- عبدالله معتز,الإثار والثقة والمساندة الاجتماعية كعوامل أساسية في دافعية الأفراد للانضمام للجماعة,مجلة الآداب والعلوم الانسانية,جامعة المنيا,28.
- مراد وهبة,المعجم الفلسفي,دار الثقافة الجديدة,القاهرة, ط 3 ,1979.
- موراي إدوارد,الدافعية والافتعال,ترجمة عبدالعزيز سلامة أحمد,دار الشروق ,مصر , 1988 ..
- ميشيل بوربا,بناء الذكاء الأخلاقي,المعايير والفضائل السبع التي تعلم الاطفال أن  يكونوا أخلاقيين,ترجمة سعد الحسني,الامارات العربية المتحدة ,العين ,دار الكتاب الجامعي,2003.

-Ekman، Paul. "Emotions revealed." Bmj 328.Suppl S5 (2004).

-Scherer، Klaus R.، and Paul Ekman، eds. Approaches to emotion. Psychology Press، 2014.

-Elder L، Paul R. The miniature guide to understanding the foundations of ethical reasoning.Foundation for the Art of Critical Thinking; 2003.