وتار
لەساڵیادی وێب سایتی گەلاوێژدا
     پ.د.زاهیر لەتیف كەریم


بەجیاوازی لەگەڵ وێب سایتە بازرگانی وپیشەییەكاندا كەزیاتر مۆركێكی ڕیكلامی وپڕۆپاگندەیی سوودبەخشی دارایی لەخۆ دەگرێت ،وێب سایتە ئەدەبی وڕۆشنبیری وفیكرییەكان،بەشێوەیەكی گشتی، دەروازەیەكی هەرە گرنگی ئێنتروپۆڵۆژیا مەعریفییەكانە كەلەهەمان كاتدا هەڵگری شوناسێكی ڕۆشنگەرییە لەسەر ئاستی  تاك ونەتەوە ونیشتمان.وێب سایتی گەلاوێژ كەئەمڕۆكە ساڵیادی دامەزراندنێتی وسێ ساڵ تێدەپەڕێنێت نموونەیەكی ئەم ڕۆشنگەری ومەعریفییەیە.گەرچی ناوەڕۆكی وێب سایتەكە بەشێوە گشتییەكەی خۆی لەبەرهەمەكانی ڕۆمانووس وچیرۆكنووس گەلاوێژدا دەبینێتەوە،ئەمە جگە لەو وتار ولێكۆڵینەوانەی كەلەسەر نووسەری ناوبراو نووسراون، بەڵام بەشێوە ناڕاستەوخۆكەی تێكڕای خەڵكیش بەشدارە بەوپێیەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی ڕەنگدانەوەی نەتەوە ومیللەتێكە بەئێش وئازار ونەهامەتی ومەسەلە فیكری وسیاسیەكانییەوە.گرنگی ئەم وێب سایتە خۆی لەم خاڵانەی خوارەوەدا دەبینێتەوە:
- خوڵقاندی پەیوەندییەكی ئەدەبی وڕۆشنبیری ڕاستەوخۆ لەنێوان بەرهەمەكانی گەلاوێژ وخوێنەردا بەجیاوازی فیكر وئایدیا وجێگە.
- پێشكەشكردنی زانیارییە جۆراوجۆرەكان ،سۆسیۆڵۆژی وسایكۆڵۆژی وفیكری وسیاسییەكان،بەخوێنەر بەبێ بەرامبەر.
- فراوانكردن ودەوڵەمەندكردنی زانیارییە گشتی وتایبەتەكانی گەلاوێژ لەلایەن كەسانی پسپۆڕ وڕۆِشنبیرەوە،ئەمەش لەڕێگەی وتار ولێكۆڵینەوە وتەنانەت نامە خێراكانەوە.
- گەیاندنی خێرای بەرهەم وئەو زانیارییە نوێیانەی كەلەسەر گەلاوێژ نووسراون بۆ سنوور ودەرەوەی كوردستان .نزیكترین نموونە خوێندنەوە ونووسینی نووسەر وئەكادیمی میسری دكتۆر بها عبدالمجید،مامۆستای ئەدەبی ئینگلیزی،كۆلێژی پەروەردە،زانكۆی عین شمس،  لەسەر ڕۆمانی" بووكی ئاتەخان " كەلەوێب سایتەكەدا بڵاوكراوەتەوە وبەئاشكرا سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بە هێز وتواناكانی گەلاوێژ نیشان دەدات.ئەوەتا دەڵێت"ئەم ڕۆمانە تووشی سەرسوڕمانی كردم،تەواو هەست ونەستمی جوڵاند...ڕۆمانووس (گەلاوێژ) هەوڵێكی زۆری داوە بەوەرگێڕانی ڕۆمانەكە لەلایەن خۆیەوە بۆ سەر زمانی عەرەبی كەخوازیاربووم ئەم ڕۆمانەم بەزمانی كوردی بخوێندایەتەوە كەبێگومان چێژی زیاتری پێدەبەخشیم.لەگەڵ ئەمەشدا،بەخوێندنەوەی هەستم بەنامۆیی نەكرد،بەپێچەوانەوە هەستێكی نۆستاڵجی پێبەخشیم بەوەی سەردانی كوردستان بكەم ولەنزیكەوە ئاشنای ئەم ووڵاتە ئەفسوناوییە بم ".
- ڕاستگۆیی لەگەیاندنی زانیارییەكان بەوپێیەی ناوەڕۆكی بەرهەم ولێكۆڵینەوەكان تەواو دوورن لەپیاهەڵدان وستایش،بەڵكو هەڵگری پەیامێكی ڕۆشنبیری وفیكری گشتگیرییە وڕووبەرێكی فراوانی كوردستانی داگیر كردووە.بەمەش وێبە سایتەكە مۆركێكی ئەدەبی ومەعریفی وڕوشنبیری لەخۆ گرتووە وهەڵگری ناسنامەیەكی فیكری وسیاسی دیاریكراوی نییە چونكە گوتاری بەرهەمەكان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەنەتەوە ونیشتمان ومەسەلەكانییەوە هەیە.هەر ئەمەش وایكردووە خوێنەر وخاوەن وتار ولێكۆڵینەوەكان ئازادانە تێڕوانینی خۆیان لەسەر بەرهەمەكان دەدەن بەبێ گوشارێكی پێش وەخت.
- وەك لەسەرەتای دامەزراندنی وێب سایتەكە ئاماژەمان پێداوە كەلەئایندەیەكی نزیكدا كۆ بەرهەمەكانی گەلاوێژ ،كەوەك پێویست لەبەردەستی خوێنەردا نەبوون، بۆ جارێكی تر چاپ بكرێنەوە.بەڵێن وپەیمانەكە جێبەجێ كراو وئێستا،خۆشبەختانە، ئەو بەرهەمانە چاپكرانەوە وبەدوو شێواز دابەشكران،یەكەمیان دابەشكردنێكی ڕاستەوخۆ بەسەر خوێنەرە نموونەیی ودام ودەزگا ڕۆشنبیری وفەرهەنگییەكان.دوهەمیان دابەزینیان لەوێب سایتەكە بەبێ بەرامبەر.ئەمەش كار ئاسانی لەبەردەم خوێنەردا دروستكردووە بەوەی هیچ پێویست نەكات بەدوای بەرهەمەكاندا بگەڕێن.بەمانایەكی تر،ژمارەی بینەر وبەشداربووان ،ڕۆژانە، لەزیادبووندایە.بێگومان ئەم جۆرە لەئاڕاستە،لەلایەكەوە، وێب سایتەكە دەوڵەمەندتر دەكات.لەلایەكی تریشەوە،لەڕێگەی نووسینی وتار لێكۆڵینەوەی نووسەران وئەكادیمیانەوە، گرنگی زیاتر بەبەرهەمەكانی گەلاوێژ دەدرێت.ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ كورد بەشێوەیەكی گشتی وهێز وتواناكانی گەلاوێژ بەتایبەتی.
لەكۆتایدا،ئومێد دەكەین دەزگا ڕۆشنبیری وفیكرییەكانی كوردستان،ئەمڕۆكە نەك سبەینێ، بیر لەدامەزراندن وكردنەوەی چەند وێب سایتێك،لەسەر ئاستی تاك وكۆ بەشاعیران ونووسەرانی كورد، بكەنەوە چونكە زانیارییەكان لەجێگەیەكی دیاریكراو كۆنەكراونەتەوە بەڵكو بەئەرشیف نەكراون كەكۆكردنەوەیان لەوێب سایتەكان،بێگومان، كارئاسانییەكی باش لەبەردەم نووسەران وئەكادیمیاندا دەخوڵقێنێت،ئەویش بەنووسین وفراوانكردنی بابەتەكان.لەهەمان كاتیشدا لەفەوتان دەیانپارێزێت .