وتار
پەیڤێكی خێرا بۆ بەرهەمەكانی چیرۆكنووس وڕۆمانووس گەلاوێژ

پ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی

خاتوو گەلاویّژ یەكێكە لە نووسەرە هەڵكەوتووەكانی بواری ڕۆمان وچیرۆكی كوردی،بەرهەمەكانی هەڵقوڵاوی هەستێكی قووڵی واقعی مرۆییە بەگشتی وكوردەوارییە بەتایبەتی.
لەتێكرا ڕۆمان وچیرۆكەكانیدا كەسیەتییەكان لە واقیعەوە سەرچاوەی گرتووە ودەستكرد نین .بۆیە لەپێناو بەرجەستەكردنی ئەو كەسیەتیانەدا پەنا بۆ ڕەهەندە سوسیۆلۆژی وسایكۆلوژی وڕەوەشتییەكان دەبات.
لەهەمان كاتیشدا كارەكانی بریتین لە كارێكی گەیاندنی لە نێوان خودی نووسەر ووەرگر، یان لەنێوان بابەت وئەوانی بەرامبەر بەهێزی دەسەڵاتیشەوە.ئەمەش بەمەبەستی چاككردنی دۆخەكان لە نەگەتیڤەوە بۆ پۆزەتیڤ.

لە بەرهەمەكانیدا جەختێكی تەواوی لەسەر جێگە وزەمەن كردووە ،وكوردستان بۆتە شانۆیەك بۆڕووداوەكان ، ناوەرۆكی نووسینەكانی بەرگێكی بەرگری وئازایەتی وفیداكاری وخۆنەویستی پۆشیوە، ولەسەرجەم نووسینەكانیدا بەدوای شوناسی كوردیدا دەگەڕێت تابتوانێت لە هزر وهۆش وناخی تاكەكاندا بیانچەسپێنێت وهەمیشە خاك ونیشتمان وكەسیەتیەكانی بۆنەتە چەقی بیركردنەوەكانی ،بەڵكو مەبەستێتی بەرهەمەكانی خۆی لەجوانكردنی ئەو خاك ونیشتمانەدایە.بەئاڕاستەیەكی تر بەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ دەرئەنجامی بارودۆخە سەخت ونالەبارەكانی كۆمەڵگایە ، وتەنها ڕووی نەكردوەتە چینە ڕۆشنبیریە باڵاكە بەڵكو بایەخێكی زۆری داوە بە چینە مامناوەند وهەژارەكانیش.نووسەر،گەلاوێژ،لەبەرهەماكانیدا بەچیرۆك وڕۆمان وگێڕانەوە مێژووییەكان زمانێكی پاراو وڕەوان بەكاردەهێنێت ئەمەش بۆ ئەوەی بەڕوون وئاشكرا گوزارشت لە واقیعی كۆمەڵگا بكات،یان لەپێناو گەیاندنی نامە وپەیامەكەیەتی بەوپێیەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەئێش وئازاری تێكڕای خەڵكییەوە هەیە.لێرەدا نزیكبوونەوە لەو زمانە پاراوە نزیكبوونەوەیە لەكێشەی تێكڕای خەڵكی.لەگۆشەیەكی ترەوە گەلاوێژ گەرچی لەخێزانێكی ڕۆشنبیر وتێكۆشەر وخانەدانە بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هاوێنەی كامیراكانی هەمیشە لەسەر ناوەڕۆكی تێكڕای خەڵكییەكەیە بەتایبەتی چینی هەژار.جوانترین نموونەش چیرۆكی "كارەكەر"ە لەكاتێكدا نووسەر چركە بەچركە دوای بابەت وكێشەی ئەو كارەكەكە كەوتووە وتەواو چۆتە ناخی ئێش وئازارەكانی.ئەمەش دوای ئەوەی كلتوور یان نەریتە سۆسیۆڵۆژییە سەقەتەكان هۆكارێكی سەرەكی تێكشانی ئەم كارەكەرەیە.دەرئەنجامیش نووسەر لەڕێگەی كردارە ئایدیاڵیزمەكانەوە دەتوانێت زاڵ بێت بەسەر كلتوورە خراپەكە وبەمەش دۆخەكان دەگەڕێنەوە جێگە سروشتییەكانی خۆیان .