وتار
(لەهەر باخێ.. ژنێ)
چاوپێكەوتنی/ كەژاڵ ئەحمەد
بەشی دووەم و كۆتایی
بەرنامەی(لەهەر باخێ.. ژنێ) كەیەكێكە لەبەرنامەكانی كەناڵی ئاسمانیی كوردسات لەهەر ئەڵقەیەكیدا دیدار لەگەڵ ژنێكی پێشەنگی كۆمەڵی كوردەواریی ئەنجامدەدات، رێكەوتی 26/7/2006 میوانداریی نووسەرو رۆماننووس(گەلاوێژ)ی كردو لەمیانەی گفتوگۆیەكی سەرنجڕاكێشدا باسی لەسەرەتاكانی نووسین و یادەوەرییە جوانەكانی لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەدو زۆر مەسەلەی تر كرد، وەكو ئامادەكارو پێشكەشكاری ئەو بەرنامەیە بەپێویستمزانی خوێنەرانی رۆژنامەی(كوردستانی نوێ) لەو دیدارە بێبەش نەبن، بۆیە فەرموون والێرەدا دەقی ئەو چاوپێكەوتنەتان پێشكەشدەكەم.
*گەلاوێژ خان لەنێوان سلێمانی ئێستاو ئەوسادا چ جۆرە جیاوازییەك دەبینی؟ لەڕووی پاكوخاوێنی و جوانیەوە.
-زۆر جیاوازیی هەیە، ئەوسا سلێمانیەكی پاك و جوان و بچووك بوو، ئەوەی حاڵی باش بووایە خانووی بەبەردی نەقاڕی دەكرد تەنانەت فەقیریش خانووی گڵیان گەچكاریی دەكردو پاك و تەمیز سپییان دەكرد، ئەو جادەیەی ئێستا پێیدەڵێن مەولەوی ئەوەندە پاك و نازدارو جوان بوو هەر حەزت دەكرد سەیری كەی، ئێستا هەر بینایەو بەرزبۆتەوەو ناوبازاڕ هەموو كارتۆن و پیسیە بەراشكاوی دەڵێم بەراستی زۆر پیسە، نامونەزەمە.
*لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كەگەلاوێژ خان هەر دیاردەیەكی ناو كۆمەڵی كوردەواریی ببینێت لەسەری دەنووسێت و بۆ رۆژنامەكانی دەنێرێ و لەم بوارەشدا چالاكە، دەستخۆشیی لێدەكەین و بێجگە لەبواری نووسین بەهۆی شارەزایت لەزمانی فارسیدا هەندێ بەرهەمت وەرگێڕاوە دەمەوێت بپرسم ئەو بەرهەمانەت كامانەن كەوەرتگێڕاون؟
-(پەروەندەی ئیداری)م وەرگێڕاوە كەبەرهەمێكی(عەزیز نەسین)ەو زۆرم خۆشدەوێت، چونكە حەز بەنووسینی خۆشی ئامێز دەكەم كتێبەكانیم هەمیشە لەژوور سەردایە، بۆیە ئەم بەرهەمەیم وەرگێڕایە سەر زمانی كوردی، هەروەها چیرۆكی(دایك و كوڕ) كە بەكوردیی نوسیوومەو وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.
*هیچ پرۆژەیەكی تری وەرگێڕان لەخەیاڵتدایە؟
-تائێستا چوار بەرهەمم كراون بەفارسی كە بەرگەكانیان بۆ ناردووم تابزانن بەدڵمە، وەڵامم داونەتەوەو وتوومە بەڵێ، ئەو بەرهەمانەش(بووكی ئاتەخان)و (بەرەو ئەشكەوتی دلێران) كەئەوان نوسیوویانە(جمهوری دركوهستان) تووڕەش بووم وتم: بۆ ناوەكانیتان گۆڕیووە، (پایزو بەهاری خونچە) كردوویانە بەپایزو بەهاری گەلاوێژ.
*بێجگە لەعەرەبی و فارسی بەرهەمەكانت بۆ چ زمانێكی تر وەرگێڕدراون؟
-(بەرەو ئەشكەوتی دلێران) ئێستا وا وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی ئینگلیزی.
*هەواڵی ئەوە هەبوو كەبكرێتە فیلم؟
-بەڵێ، هاتن داوایانكرد بیكەنە فیلم و وەرەقەكانیانم لەلایە، وتیان بەرهەمەكە لەشاخەكانی كوردستان دەچێ كەدەستكاریی نەكراوە واتە زۆر سروشتییە، بۆیە حەزدەكەین وەكو كتێب چاپی بكەین یان بیكەین بەفیلم وتمان باشە لەوكاتەدا كەسمان دەستنەكەوت بەجوانی وەریبگێڕێت، بۆیە شانازی كچم وەكو قسە لەسەر كاسێت بەئینگلیزیی بۆی تۆماركردن.
هەموو كتێبەكەی بەچەند شریتێك تۆماركرد وتیان باشەو بردیان دوایی وتمان دەبێ فیلمەكە ببینم تابزانین چیتان كردووە، سەیردەكەین پڕیان كردووە لەعەشق و غەڕام و نازانم چی و قسەی سەیرو دیمەنی سەیرسەیرو...
*رەزامەندیت لەسەری نەبوو؟
-نا... وتم نییە، وتمان ئێمە دابونەریتی وڵاتمان و میللەتمان وانییە من كەزۆر پێشكەوتووم و ناترسم هەرهێندەم نوسیووە، گرتی بەخۆیەوەو ماچی كرد باسی پێشمەرگەكانم كردووە كەدێنەوە بۆ لای ژنەكانیان هەرهێندەم وتووە لەوە زیاترم نەوتووە، لەبەر ئەوە تێكچووین لەگەڵیان و فیلمەكە راگیرا.
*گەلاوێژ خان لەپێشەكییەكەی بەرنامەكەدا ئاماژەم بەوەدا كەئێستا بیرەوەرییەكانت ئامادەن بۆ چاپ خۆزگە وەكو دیارییەك بۆ بینەرەكانی كەناڵی كوردسات بەشێك لەو بیرەوەرییانەمان پێشكەشبكەیت بەتایبەتی خۆزگە لەو بەشانە بێت كەتایبەتن بەبیرەوەرییەكانت لەگەڵ مامۆستا برایم ئەحمەد-ی نەمر؟
-كەمامۆستا برایم ئەحمەد دوو ساڵ گیرا هێرۆ تەمەنی شەش مانگ بوو، دەڵێم (دووساڵ تەواو بوو باوكی هێرۆ بەربوو لەڕۆژی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی نەرێگە بەردەكەوت نەئۆتۆمبێل بەجارێك شار وروژابوو تەنانەت لەدێهاتەكانیشەوە خەڵك دەهاتن بەپیریەوە، هی واش هەبوون لەچەند رۆژ لەوەو پێشەوە گەشتبوونە بەغداو لەوێ چاوەڕێیان دەكرد، بووبوو بەهەرایەك حكومەت چاوی زەق ببوو وحەپەسابوو، نەدەترسان هەر گوێشیان نەدەدایە، هەرچۆنێ بوو من و خەڵكی ماڵەكەمان(خوشكەكانی و ئەوان) نەمانتوانی بیبینین لەبەر خەڵك تاكو درەنگی شەو، ئیتر خەڵكی شارو رۆڵە نەبەزەكانی هێمن بوونەوەو هەركەسەو چوو بەلایەكا، من زۆر دڵم خۆشبوو لەچەند رۆژ لەوەوپێشەوە كەهێشتا بەرنەبووبوو شپرزە بووبووم، چونكە من و باوكی هێرۆ پەیوەندیمان زۆر زۆر پتەو بوو لەگەڵ یەكدا.
باوكی هێرۆ وەكو مرۆڤێكی پێشكەوتوو پڕ هەست و ئەدیب و شاعیرو قسەخۆش، رووخۆش، رەفتارجوان، قیافە خۆشەویستەنی زۆر كاری تێكردبووم، وەكو ئەسپ سوارەكەی خەوو خەیاڵی لێهاتبوو ئەوەندەم خۆشدەویست ئەویش بەهەمان شێوەبوو، بەڵام هێرۆ كەگەورە بووبوو خلەخل بەماڵەكەدا رایدەكرد بەجۆرێكی تر چوو بەپیریەوە، هەر سەیری دەكردو دەیزانی ئەوە باوكیەتی و ئەوە ئەو بلەیەیە كەهەموو سەری مانگێ دەچووین بۆ بەغدا بۆ چاوپێكەوتنی، بۆیە سەری سوڕمابوو كەوا هاتووەو بەماڵەكەدا دێت و دەڕوات و لەژووری گەلەی دایكی دادەنیشێت، بۆیە بەتووڕەییەوە رووی تێكرد لەدوای یەك دوو رۆژ وتی: (دەی دەی بلە كەچ كەچ بلۆرەوە ماڵی خۆت لەسجنی مەركەزیی).
*ئەم یادەوەریانە جوانن و وەكو خۆی نووسراونەتەوە.
-بەڵێ زۆرەو زۆریش ماندوو دەبم لەگەڵی دەزانی لەكاتی نووسینی(بەرەو ئەشكەوتی دلێران) چاوم پەكی كەوت دوو ساڵ سەرقاڵی نووسینی بووم، ساڵێكە بیرەوەرییەكانم دەنووسمەوە هێشتا تێكەڵ و پێكەڵە، بەڵام حەز دەكەم ئەو پێشەكییەش بخوێنمەوە كە بۆ بیرەوەرییەكانم نوسیووە دەڵێم: (دەمێك بوو لەدڵمدا بوو هەندێ بیرەوەریی خۆم بنووسم لەگەڵ چەندكەسێكی بەنرخ و خۆشەویستمدا كەكاریگەرییەكی زۆریان بەسەر ژیان ورەوشت و خوو كردەوەكانمەوە هەبوو، یەكەمیان لەمنداڵییەوەو لەپێنج شەش ساڵییەوە رایهێنام لەسەر راستی و نەفرەت لەدرۆو پێچ و پەنا، ئاشنای كردبووم بەوشەو ناوی میللەتپەرستی و خەباتكردن ناوی بەندیخانەو گرتن و ماڵ پشكنین و پۆلیس و ئەمن و حكومەتی داگیركەر، میللەت و یاسا پێشێلكەر، هەروەها واشیكردبوو كە بەو تەمەنە بچووكەوە قەڵەم و دەفتەرم لەهەموو بابەتەكانی یاریكردنم لەلا خۆشەویستتر بێت، كە وردە وردە گەورەبووم دەنگی خۆشی خشەی كاغەزو هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی رۆژنامەو گۆڤارو كتێب لەهەموو دەنگێكی تر زیاتر دەروونیان ئارام دەكردمەوە ئەم یەكەم كەسەش خاڵی خۆشەویستم هەمزە عەبدوڵڵا-ی نەمرە كەهەموو لاوێتی و ژیانی خۆی لەسەر مەبدەئو میللەتەكەی داناو باوەڕناكەم كەسێك یان خەباتكارێكی كورد هەبێ ئەگەر هەشبـێ زۆركەمە كەوەكو خاڵە هەمزەم هەموو ژیانیان لەخۆشاردنەوەو لەژێرزەمین و دێهاتەكاندا بردبێتە سەر).
*دەستت خۆشبێت و هیوادارین بەزووترین كات ئەم بیرەوەرییانە بەچاپ بگات.
-ئینشائەڵڵا، دەمەوێ ئەوەش بڵێم كەچیرۆكی(دایك و كوڕ) بریتییە لەژیانی خاڵە هەمزەم و شەمسەخانیش دایكە شیرینەكەمە لەرەفتارو غیرەت و چالاكیی و نەترسییەكەی كەچاپكراوە نهێنییەكانی بۆ دەگواستەوەو لەژێر عەباكەیدا دەیشاردەوە، بەڕاستی دایكم كەم وێنە بوو.
گەلاوێژ خان، قسەكردن لەگەڵ جەنابت چێژو خۆشییەكی زۆری هەیە هێشتا شتی تریش ماوە كە لەسەری بدوێین، بەڵام كاتی بەرنامەكە تەواوبوو، ئێمە خۆشحاڵ بووین بەم دیدارەو تەمەن درێژیت بۆ دەخوازین و هیوادارین چەندین بەرهەمی تریش بەچاپكراوی ببینین كە بەدەست و پەنجەكانی تۆ بنووسرێن.
بینەری خۆشەویستی كوردسات و(لەهەر باخێ ژنێ) تاژنێكی پێشەنگی تری ناو كۆمەڵێ كوردەواریی ژیانتان پڕ بێ لەخۆشی و بەختەوەریی و دانیشن بەخێر.