چالاکی
ساڵیادی وێب سایتی گەلاوێژ

بەبۆنەی ساڵیادی وێب سایتی گەلاوێژ، كە ناڵی كوردسات نیوز، بەرنامەی ئێوارانی كوردسات،ڕۆژی چوار شەممە ڕێكەوتی 8 /11 /2017 ،بەرنامەیەكی تایبەتی تەرخانكرد لەگەڵ ستافی وێب سایت،هەردوو بەڕێز پ.د.زاهیر لەتیف كەریم (سەرپەرشتیاری وێب سایت)و پ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی (بەڕێوەبەری نووسین).

تەوەری گفتۆگۆ بریتی بوو لەگرنگی وێب سایت بەشێوەیەكی گشتی وگەلاوێژ بەتایبەتی لەئێستا وئایندەدا وهۆكاری هەڵبژاردنی خاتوو گەلاوێژ بۆ نێو ئەم وێب سایتە ودواتر پرسیاركردن لەسەر هێز وتواناكانی گەلاوێژ لەبواری ڕۆشنبیری وئەدەبی ومەعریفی ونووسینی ڕۆمان وچیرۆك وئەدەبی منداڵان وبیرەوەرییەكان.
هەروەها لەپرسیارەكاندا دەرگای ئارگیومێنت كرایەوە بەڕووی پێشكەشكاری بەرنامەو هەردوو بەڕێزی ئاماژەپێكراو.پرسیار ووەڵامەكان لەئاستێكی هونەری وفیكری وبابەتی بەرزدا دەسووڕایەوە.سەرەتا جەخت لەسەر گرنگی وێب سایت لەكۆمەڵگای كوردیدا كرا و پ.د زاهیر لەتیف كەریم لەوەڵامدا گووتی"كردنەوەی وێب سایت بۆ كەسە ناسروشتییەكان بەشاعیر ونووسەر وسیاسەتمەدار ئەركێكی نیشتمانی ونەتەوەیی وڕۆشنبیری وئەخلاقییە كەبەداخەوە هەتا ئێستا لەكۆمەڵگای كوردیدا،پێچەوانەی جیهانی دەرەوە بەدراوسێكانیشەوە،گرنگی نەدراوە بەم كەناڵە مەعریفی وڕۆشنبیرییە.واتە گەر بمانەوێت لێكۆڵینەوەیەك لەسەر نالی یان برایم ئەحمەد بنووسین ئەوا سەرچاوەكان پچڕپچڕن ودابەشبوون بەسەر ڕۆژنامە وگۆڤارەكاندا كەدۆزینەوە وكۆكردنەوەیان كارێكی سەخت ودژوارە.بەڵام گەر وێب سایتێك هەبێت بەو كەسانە ئەوا لەماوەیەكی زۆر كورتدا سەرجەم زانیارییەكان كۆ دەبنەوە وهیچ كێشەیەكی سەرچاوەیی دروست ناكات".

دواتر جەخت خرایە سەر گەلاوێژ و پ.د.زاهیر لەتیف گووتی"دوای خوێندنەوەی ڕۆمانی لەسەر باڵی سیمرخ گەیشتینەوە ئەو باوەڕەی كەخاتوو گەلاوێژ خاوەن توانایەكی هونەری وگێڕانەوەگەرییە هاوشێوەی كەڵە نووسەرە عەرەب وئەوروپاییەكان بەنموونەی تۆفیق ئەلحەكیم ومەكسیم گۆرگی..سەرچاوەی داهێنانەكانیشی بریتین لەبەهرە وسەلیقە وڕۆشنبیرییەت وهەستكردن بەبەرپرسیارێتی سەردەم وتێكەڵبوونی بەڕووداو ووەرگرتنی زانیارییەكان بەشێوەیەكی چڕوپڕ وبەكارهێنانی زمانێكی سروشتی كەتێكڕای خەڵكی قسەی پێ دەكات وكێشەیان نیە وگرنگیدان بەكەسەكان وجێگە وزەمەن و و ووردی لەگێڕانەوەكاندا وهەڵبژاردنی بابەتەكان و سوود وەرگرتن لەتەكنیكی دەربڕین..
" پ.د.نیان نەوشیروان مەستی گووتی"گەلاوێژ خاوەن تواناو هەڵوێستەیەكی ڕۆشنبیری وفیكری وسۆسیۆڵۆژیایە ودەیەوێت لەنزیكەوە بچێتە نێو كێشە ومەسەلە هەستیارەكان ولەم ڕووەشەوە دەگەڕێت بەدوای شوناسی كۆمەڵگا ونەتەوە".هەروەها گووتی "بانگەواز كراوە بۆ سەرجەم نووسەران وڕەخنەگران وئەكادیمیان كەبەڕۆحێكی نیشتمانی وڕۆشنبیریی ومەعریفییەوە بەشدار بن لەدەوڵەمەندكردن وگەشەی وێب سایتەكە..لەم ڕووەوە چەندین گوتار ولێكۆڵینەوە بەتایبەتی لەبواری ڕەخنەی تازەگەرایی وبونیادگەرایی ئەنجام دراوە..لەئاینەدەیەكی نزیكیشدا هەوڵ دەدرێت وێب سایتەكە بكرێتە سەر زمانی عەرەبی وئینگلیزی ئەمەش بەمەبەستی تێپەڕاندنی سنووری ئەدەبیاتی گەلاوێژ بۆ دەرەوەی خۆی ولێكۆڵینەوەی بەراووردكاری لەنێوان بەرهەمەكانی گەلاوێژ ونووسەرە جیهانییەكان بەنموونەی جێمس جۆیس".ئەمانەو چەندین تەوەری تر كەسەرجەمیان پەیوەندی بەئایندەی وێب سایت ونووسینەكانی گەلاوێژەوە هەیە وكەبێگومان هێزێك دەبەخشێت بەئەدەبیاتی كوردی بەشێوەیەكی گشتی وئەدەبیاتی ژنان بەتایبەتی كەگەلاوێژ یەكێكە لەپێشەنگەكانی ئەم بوارە.