چالاکی
لێكۆڵینەوەی اڵانا واڵاخر فی قصە( كنە اته خان) للقاصە والروائیە گلاویژ لەسیمنارێكی ئەكادیمیدا
 هەر دوو ئەكادیمی وڕەخنەگر،پ.د.زاهیر لەتیف كەریم و پ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی ،سیمنارێكی زانستی وئەكادیمیان لەسەر لێكۆڵینەوەكەی خۆیان بەنێوی "اڵانا واڵاخر فی قصە( كنە اته خان ) للقاصە والروائیە گەلاوێژ" لەیەكێك لەهۆڵەكانی بەشی زمانی عەرەبی،كۆلێژی زمان/زانكۆی سلێمانی،ئەنجامدا ،لەبەرواری 13/3/20017.
لەم سیمنارەدا،بەشێوەیەكی گشتی، جەخت لەسەر پێكهاتەی "من " و "ئەو " كرا وئەو فاكتەرانەی كەدەبنە هۆی یەكگرتنەوە ودابڕانی ئەو دوو جەمسەرە جیاوازە.كۆنی دوالیزمەی ئەو دوو جەمسەرە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دامەزراندن ودروستبوونی مرۆڤ.چەمكە سروشتی وخۆڕسكی وزانستییەكان هەمیشە باسیان لە دژایەتی ئەو دوو جەمسەرە كردووە بەو پێیەی "من" خاوەن كەسێتی خۆیەتی ولەبەرامبەریشدا "ئەو"یش بەهەمان شێوە.هیچیشیان خۆی بەبچووكتر نازانێت.بەڵام لەگەورەییەكەدا باڵا دەستن.لێرەشەوە بۆشاییەكان،لەهەموو ڕوویەكەوە ،لەنێوانیاندا دروست دەبن وبەدرێژایی زەمەنیش ململانێكان بەگەرمی بەردەوامن.هۆكاری ئەم بۆشاییە،هەروەك لەلێكۆڵینەوە وسیمنارەكەدا هاتووە،دەگەڕێتەوە بۆ دوو چەمكی سەرەكی ڕژێمە مەعریفییەكان ئەوانیش هەستنەكردن و وتێنەگەیشتن .پێچەوانەكەشی دەبێتە هۆكاری یەكگرتنی هەر دوو جەمسەر.لەنێو سیمنارەكەدا ولەدەرەوەی چیرۆكی "بووكی ئاتەخان –كنە اته خان"چەندین نموونەی ئایینی وفەلسەفی وئەدەبی تر هاتنەوە.وەك ئاشكراشە لەچیرۆكە ئاماژەپێكراوەكەی گەلاوێژدا باس لەخێزانێكی كوردی سلێمانی دەكرێت كەیەكێك لەكوڕەكانی بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندن ڕوو لەبەریتانیا دەكات ولەوێ ئافرەتێكی ئینگلیز دەكاتە هاوسەری خۆی.گومانیش لەودا نیە كەژینگە وسروشتی بیركردنەوە وهەڵسوكەوتی ئەو دوو جێگەیە،كوردستان وبەریتانیا،جیاوازیان گەلێك زۆرە.بەڵام هەوڵەكانی گەلاوێژ لەم بوارەدا یەكگرتنەوەی ئەو دوو جێگە جیاوازەیە ئەویش لەڕێگەی هەردوو فاكتەری ئاماژەپێكراو (هەستكردن وتێگەیشتن).گەلاوێژ لەچیرۆكەكەیدا زۆر بەووریایی جێگەی هەڵبژاردووە كەئەو جێگەیە مۆتیڤێكی ووزەبەخشە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی یەكگرتنەوەی "منێكی كورد"لەگەڵ "ئەوێكی ئینگلیز".بەئاڕاستەیەكی تر،ئاستی ڕوشنبیری وبیركردنەوەی جێگەی "منێكی كوردی سلێمانی" لەو ئاستەدا بوو كەپڕۆسەكەی گەلاوێژ بەرەو سەركەوتن بەرێت ئەویش یەكگرتنەوەی نەتەوە وشارستانییەتەكانە كەبەدرێژایی زەمەن خۆیان لەدابڕان وململانێدا دیوەتەوە.بەمەش مەبەستی چیرۆك ونووسەرەكەی بەدەردەكەون ئەویش بەوەی هەستە مرۆڤایەتییەكان خوڵقێنەری ڕاستییەكانی ژیانە بەجیاوازی زەمەن وجێگە وزمان وبیركردنەوەكان.