چالاکی
"بەرەو ئەشكەوتی دلێران"م خوێندەوە بەوردی و بەقوڵی..
خوشكی گەورەو بەڕێز گەلاوێژ خان
پاش عەرزی سڵاو..
"بەرەو ئەشكەوتی دلێران"م خوێندەوە بەوردی و بەقوڵی..


دێڕ بەدێڕ تا دوایی چیرۆكەكە، خوێندمەوەو لەگەڵی ژیام، جارێكیتر بیرەوەری بەشێك لە مناڵیم و سەردەمی سەرەتایی و لاویم هاتەوە یاد، بیرەوەری سەردەمێكی گرنگ لەمێژووی گەلەكەمان كە "بەرەو ئەشكەوتی دلێران" زۆر جوان، لە روانگەیەكی نوێوە وێنەی گرتووە، وابزانم هەموو كەس كە خۆی یان خێزانەكەی لەو سەردەمەدا خەریكی كاری سیاسی بووبن، شایەتی وردەكاری و سەركەوتوویی ئەوەن بە نووسەری چیرۆك، ئەوەی زۆرتر لەهەموو شت سەرنجی راكێشام، دەوری ئافرەتان بوو، ئافرەتانی سادەی وەكو دایكم و پورم و كچەكانی پورم...، رەنگدانەوەی رووداوە سیاسییەكان لەژیانی خێزانداو لە پەیوەندییە ئینسانییەكاندا، گەشەكردنی هۆشی سیاسی پیرو لاو و مناڵی ئەو سەردەمە. یاخوا دەستت خۆشبێت و قەڵەمت نەڕزێت، هیوادارم كە ئەمە تەنها سەرەتای بەرهەمی بڵاوكراوەتان بێت! چیرۆكەكەش هێشتا بەلای منەوە تەواو نەبووەو خوێنەر بەتەمای بەشێك یان بەشانی تریەتی.
هەندێك سەرنج و پرسیاریشم هەبوو دەربارەی چیرۆكەكە، لە دەرفەتێكی تردا عەرزتانی دەكەم، بەگشتی بۆ من مایەی خۆشییەكی زۆر بوو، هەروەها دەمێكە شتی وام نەخوێندووەتەوە كەوا بەدڵ و بەگیان لەگەڵی بژیم. نەشمدەزانی كە مامۆستای گەورەمان، لەپاڵ خۆیدا، گەوهەرێكی تریشی لەئێمە شاردووەتەوەو تۆی بەڕێز وا بەوردی و بەوشێوە ئەدەبییە رەسەن و خۆماڵییە، رووداوە سیاسییەكان و رەنگدانەوەی كۆمەڵایەتیانت تۆمار كردووە.
جارێكیتر پیرۆزباییت لێدەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنت بۆ دەخوازم
لەگەڵ رێزو تەقدیری برایانەدا

دڵسۆزتان
فازڵ مەلا مەحمود