وتار
كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژ، بەخشرایە ئەكادیمیان و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی و ژمارەیەک كتێبخانەی زانكۆكان



سەرلەبەیانی رۆژی 15/4/2019، لەهۆڵی كۆنگرێسی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی، بەهاوكاری و هەمئاهەنگی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی و وێب سایتیgalawezh.com و بەئامادەبوونی خاتوو گەلاوێژو باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیرو خاتوو شاناز برایم ئەحمەد و هەتاوخان و ژمارەیەك لە مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی، نوێنەرانی كتێبخانەكانی ژمارەیەك لە زانكۆ حكومی و ئەهلییەكان، مەراسیمی دابەشكردنی كتێبەكان بەڕێوەچوو.
دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەوتەیەكدا وێڕای پیشاندانی خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر پێشكەشكردنی كۆبەرهەمەكان، بەكورتی باسی بواری نووسین و بەرهەم و كایە ڕۆشنبیرییەكانی خاتوو گەلاوێژو کردو ڕوونیكردەوە خاتوو گەلاوێژ وەك ژنە نووسەرێك ئەو ڕاستیەی سەلماندووە كە ڕۆشنبیری و خوێندەواری تەنها بەڕێگای بڕوانامەی بەرزەوە فەراهەم ناكرێت، بەڵكو خوێندەواری و ڕۆشنبیری و پەیوەستە بەخوێندنەوەی زۆرو زمان زانی و تێكەڵبوون لەگەڵ ئازارو مەینەتیەكاندا.


پاشان وتاری وێب سایتی galawzh.com لەلایەن پ. د. زاهیر لەتیف-ەوە خوێندرایەوەو ئاماژەی بەوەكرد کە لەسەر داوای خاتوو گەلاوێژ كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژ پێشكەشی كتێبخانەكانی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و شاری كەركوك و ئەدیبان و نووسەران و توێژەران و مامۆستایانی زانكۆ بكرێت و تەواوی بەرهەماكانیش لە وێب سایتدا بەشێوازی pdf دابەزێنراوە.
هەر لەمەراسیمەکەدا پ. د. حەمە دلێر میسری بەشێوەیەكی كورت و پوخت و ژانری گێڕانەوەی لەبەرهەمە ئەدەبییەكانی خاتوو گەلاوێژ بەنموونەی ڕۆمانەكانی باسكردو هەڵوەستەی كرد كە چۆن وەك ژنە كوردێك توانیویەتی كتێبخانەی كوردی دەوڵەمەند بكات.
دواتر خاتوو گەلاوێژ، كۆبەرهەم و چەپكە گوڵی ڕێزو وەفای پێشكەشی دكتۆر ڕەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی كردو پاشان باڵیۆز دكتۆر محەمەد سابیرو خاتوو شاناز برایم ئەحمەد، كۆبەرهەمەكانیان پێشكەشی ئامادەبووان كرد.
هەر لەمباریەوە، ڕۆژنامەنووس ژینۆ عەبدوڵڵا بەڕێوبەری وێب سایتی galawezh.com ئاماژەی بەوەدا، هەوڵدەدرێت تەواوی كۆبەرهەمەكانی خاتوو گەلاوێژ بگاتە دەستی زۆربەی كەسانی ئەكادیمی و توێژەران و نووسەران و ئەدیبان و كتێبخانەكان، ئەمەش بۆ سوودوەرگرتنی خوێنەرانەو مەراسیمی دابەشكردنی كۆبەرهەمی خاتوو گەلاوێژ بەردەوام دەبێت.