وتار
كتێبەكانی رۆماننووس و چیرۆكنووس گەلاوێژ لە بەردەم خوێنەردا

تەواوی بەرهەمە ئەدەبیەكانی خاتوو گەلاوێژ، لە وێب سایتی، galawezh.com بە شێوەی pdf دانراوەوەو تەواوی خوێنەران و توێژەران دەتوانن سودمەندبن لێی. کتێبەکانیش بریتین لە ڕۆمان و چیرۆك و كورتەچیرۆك و نۆڤلێت و بیرەوەریی و ئەدەبی منداڵان و وەڕگێڕان.

لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس ژینۆ عەبدوڵڵا بەڕێوبەری وێب سایتی galawezh.com  ئاشكرایكرد، دوای هەوڵێكی بێوچان و لەماوەیەكی زۆر كورتدا بەشێكی هەرە زۆری بەرهەمەكانی ڕۆمانووس و چیرۆكنووسی كورد گەلاوێژ، كە بریتین لە (21) بەرهەم، تۆماركرا لەوێب سایتی گەلاوێژ-دا. لێرەوە خوێنەر و نووسەران و ئەكادیمیان بەجیاوازی جێگەوە دەتوانن، بەشێوازی دابەزینی بێبەرامبەر، سوود لەو بەرهەمانە ببینن. ئەمەش لەلایكەوە هەلێكی گونجاوە بۆ خوێنەر تا لەنزیكەوە ئەو بەرهەمانە بخوێننەوە. لەلایەكی تریشەوە سەرنج و تێبینی و لێكۆڵینەوەی خۆشیان لەسەر ئەو بەرهەمانە ئەنجام بدەن.

بەڕێوبەری وێب سایتی galawezh.com ئاماژەی بەوەشدا، بایەخدان بەچەمكە گێڕانەوەگەرییەكانی گەلاوێژ تەواو نزیكمان دەخاتەوە لەڕاستییەكانی كۆمەڵگە بەتایبەتی لەڕووی سیاسی و فیكری و سایكۆڵۆژی و سۆسیۆڵۆژیاوە. لەهەمانكاتیشدا دەروازەیەكی وزە بەخشیشە بۆ پێگەی ئەدەبیاتی فێمینیزم لەنێو ئەدەبیاتی كوردیدا. گومانیش لەوەدا نییە كە ئەدەبیاتی هاوچەرخ بەبێ ڕەهەندە گێڕانەوەگەرییەكان تەواو لاسەنگ دەبێت.ئەدەبیاتی گەلاوێژ تۆمارێكی ئەنتۆڵۆژی زەمەنی ڕووداوەكانە لەكۆمەڵگەی كوردیدا.گرنگیدان بەو تۆمارە گرنگیدانە بەشوناسی مێژووی هاوچەرخی كوردی لەهەموو ڕوویەكەوە. ئەمەش ئەركی هەمووانە بەجیاوازی ئایدیا.

بەرهەمە ئەدەبییەكانیش بریتین لە:
-بیرەوەرییە هەرگیز لەبیر نەكراوەكانی من- بەشی یەكەم. -بیرەوەرییە هەرگیز لەبیر نەكراوەكانی من- بەشی دووەم. -بەرەو ئەشكەوتی دلێران- بەرگی یەكەم. –بەرەو ئەشكەوتی دلێران- بەرگی دووەم. -كارەكەر- نۆڤلێت. -دایك و كوڕ- ڕۆمان. -ڕێبوارێكی سەرگەردان. -ئەفسانەی گەلی ناو گردان، چیرۆكی فۆلكلۆری بۆ مێرمنداڵان. -لەسەر باڵی سیمرخ-ڕۆمان. -بووكی ئاتەخان- چیرۆك. -گەشتی كوردستان- چیرۆك. -سێ كورتیلە چیرۆك بۆ مێر منداڵان. -پەروەندی ئیداری- عەزیز نەسین-وەڕگێڕان. -پایزو بەهاری خونچە. 
-اوراق من سیرە زاتیە(عەرەبی). -العالم غابە(عەرەبی). -اسطورە كلی ناو كردان(عەرەبی). -قصص للأطفال(عەرەبی). -عابر سبیل هائمە(عەرەبی). – نحو كهف الشجعان(عەرەبی). -كتلە اتە خان(عەرەبی).