وتار
وێبسایتەكان و ڕۆڵیان لە ناساندنی وشەدا
كاروان ئەنوەر


سەردەمانێك بوو دەبوایە تەنها كتێبەكان و پارچە كاغەزەكان كۆكەرەوەی بیرو بۆچوونەكان ببونایە، بۆنی كاغەزو مەرەكەب، بۆنی ماڵی كەسە رۆشنبیرو خوێندەوارەكان بوو، چەكمەجەكان و رەفی كتێبخانەكان هەڵگری بیری رۆشنبیری بوون، رێكدانانی كتێبەكان و بۆنی كاغەزی كۆن، تابلۆیەكی جوانیان بە رەونەقی ماڵەكان دەبەخشی..
ئەمڕۆ خەریكە بۆنی كتێب لە لووتی كەسدا نامێنێت، بە دەگمەن لە ماڵەكاندا كتێبخانە دەبینرێن، مناڵەكان تەنها بە كتێبەكانی قوتابخانە ئاشنان، دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە لێرەو لەوێ لە مایە پوچبووندان، خەریكە كتێب تەنها بۆ قوتابخانە بە كاردێت ..
لەناوەندی بۆشایی كتێب و كتێبخانەكاندا دەشێت ئەڵتەرناتیڤێك بۆكتێب و ئەرشیفكردن و دۆكۆمێنتاری دۆزرابێتەوە.. بێگومان وێب سایتەكان ئێستا ئەو رۆڵە دەبینن، لە ڕێگای هەڵگرتن و بڵاوكردنەوە بە دەنگ و ڕەنگ و نووسراو، ڕۆڵێكی باش دەبینن بۆ پاراستنی دەستنوسەكان ..
بە پێشكەوتنی هۆكارەكانی گەیاندن، دەوڵەمەند كردنی فیكر بە بواری نووسین هەنگاوی گەورەی ناوە، كاتێك كە تەنها رۆژنامەكان هۆكاربوون، بواری ئەرشیف و كۆكیۆمێنت كردن سنوورداربوو، پاشان بە سەرهەڵدانی مایكروفیلم و رادیۆو تیڤیەكان، بابەتەكان لەڕەفەكانەوە گوازرانەوە بۆ ناو كاسێت و مایكرۆفیلمەكان و لەسەروبەندی هەردوو جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمدا، ئەم هۆكارانە زیاتر كاریان بۆ دەستەبەركراو گەیشتنە ترۆپكی هەڵگرتنی بیری مرۆڤایەتی، لە بەسەرهات و ئەدەب و هونەرو تۆماركردنی سەرجەم بابەتەكانی هەسارەی زەوی..
ئەمڕۆی جیهانگیری و بچووككردنەوە دۆكیۆمێنتەكان لەمیمۆریەكاندا، تەواو هاوكارن بۆ ئەوەی سەرجەم نووسراو بەسەرهات و كرۆكی بیری مرۆڤ بخرێنە چوارچێوەی هەڵگرتن و بەكارهێنانەوەی بۆ نەوەكانی داهاتوو، ئەمڕۆش ئێمەی كورد لەم تەكنەلۆژیایە بێبەش نین، تونراوە لەسەر ئاستی فراوان سوود لە تەكنەلۆژیا وەربگرین، ئەم سوود وەرگرتنەش بواری نووسین و رۆمان و ئەدەب و شیعرو چیرۆك و سەرجەم هونەرەكانی تریشی گرتوەتەوە..
 ئەگەر باس لەچەند نموونەیەك بكەین كە تەكنەلۆژیا هاوكاری بڵاوكردنەوەی بیرۆكەكان بووبێت و لەفەوتان پاراستبێتی، دەشێت لەم سەروبەندەدا باس لە بابەتەكانی یەك لە ژنە نووسەرەكانی كوردستان بكەین كە نووسینەكانی مۆركێكی تایبەتی و دەست و پەنجەی ژنە نووسەرێكیان پێوە دیارە كە لە مۆركی هیچ نووسەرێكی تر ناچێت ..

ئەم ژنە نووسەرە چەندین چیرۆك و چیرۆكی درێژو رۆمانی نوسیوە و لە هەندێكیاندا ئەفراندنی كردووە، چەندین بابەتی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی تر، لە بابەتەكانیدا بەسەرهات و گوزەشتەی سەردەمانێكی تۆماركردووە كە دەكرێت بۆ نەوەكانی داهاتوو وەك گەنجینەیەكی تۆماركراو بخرێنە ڕوو، بخوێنرێنەوە، چاپ بكرێنەوە..

هەڵگرتن و ئەرشیف كردنی ئەو بابەتانە لە دوو توێی وێب سایتێكدا كارێكی پرۆفیشناڵانەی دەوێت، دەكرێت لەشێوازی كتێبخانەیەكی ئەلكترۆنیدا وەك ئەزمونێكی نوێ سەرجەم بابەتەكان ئامادە بكرێن بۆ خوێندنەوە..
ئەم هەنگاوەی وێب سایتی گەڵاوێژ وەك ئەزمونێكی نوێ دەشێت سەرجەم نووسەران و ئەدیبان چاو لەم دیاردەیە بكەن ..

ئەگەر كەڵچەری ئەرشیفكردن و هەڵگرتن بێتە خویەك لای نووسەرانمان، بێگومان دەبنە هۆكارێكی باش بۆ زیاتر بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری لەسەر ئاستی فراواندا، ئەوەش بەدەر لە بەكارهێنانی ڕەفەی كتێبخانەكان، وێب سایتەكانی دەبنە كانگای خۆ رۆشنبیركردن و بەردەوام بوونی ڕەوتی خوێندنەوە و گواستنەوەی ئەم كەڵچەرە لەلاپەڕە كاغەزیەكانەوە بۆ ناو سكرین و سمارت فۆن و وێب سایت و پەیجەكان، گرنگ ئەوەیە ڕەوتی خۆ رۆشنبیركردن و خوێندنەوە بەردەوام بێت و هەردەم لە گەڵ گۆڕان و پێشكەوتنی هۆكارەكانی تەكنەلۆژیا،  ئێمەش شان بە شانی ئەم ڕەوتە بەردەوام بین و لە كاروانی بەردەوامی نووسین و خوێندنەوە دانەبڕێین..
 ئەم نموونەیەی سایتی گەلاوێژ یەك لەو نمونانەیە كە وەك ئەزموون لێی بڕوانین و سەركەوتنی ئەم ئەزموونەش بگوازینەوە بۆ سەرجەم نووسەرو هونەرمەندان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسانی تری كوردستان..