وتار
توانا سۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكانی گەلاوێژ
پ.د.نیان نەوشیروان فوئاد مەستی

- توانا ڕۆشنبیرییەكان.بەوپێیەی گەلاوێژ هەڵقوڵاویی ژینگەیەكی ڕۆشنبیری خێزانی بوو،ئەوا هەر زوو بیرۆكەی دروستبوونی قەوارەیەكی ڕۆشنبیری لەبیر وهۆشیدا گەڵاڵە بوو. هەر لەسەرەتاوە سەرقاڵی خوێندنەوە بووە ولەم ڕووەوە بەرەو خوێندنەوە ئەدەبی وفەلسەفییەكان ڕۆیشتووە.وەك خۆشی ئاماژەی پێداوە،سوودێكی باشی لەئەزموونە شێوازییەكانی تۆفیق الحكیم ومەكسیم گۆرگی بینیوە.گومانیش لەوەدا نیە كەكاریگەرییە ڕاستەوخۆكانی مامۆستا برایم ئەحمەد جێگەی خۆی گرتووە.بەڵام ئەمەش بەو مانایە نایەت كەوێنەیەكی دووبارەی مامۆستا بێت بەڵكو هەوڵەكانی خۆشی توانی مۆركێكی تایبەت بەخۆی دروست بكات.بەمانایەكی تر،گەلاوێژ،وەك هەر نووسەرێكی بەتوانا،دوورنەكەوتۆتەوە لەكاریگەرییە لۆكاڵی ودەرەكییەكان.لەم ڕوەشەوە بەهرەی نووسینی چیرۆك  وڕۆمان ونۆڤلێت وبیرەوەرییەكانی سەریان هەڵدا.گەر سەیرێكی خێرای بەرهەمەكانی بكەین، كەخۆی لەبیست وحەوت بەرهەمدا دەبینێتەوە،ئەوا هەر زوو دەگەین بەو باوەڕەی كەئەم بەرهەمانە لەڕووی هونەر وناوەڕۆكەوە لەئاستێكی هەرە بەرزی نووسیندایە.

- توانا سۆسیۆڵۆژی وفیكرییەكان.گەلاوێژ،گەرچی وەك سیاسییەك بەدەرناكەوێت،بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا خاك ونیشتمان ومەسەلەی نەتەوە وتاكەكان بابەتی هەرە سەرەكی نووسینەكانێتی.لەنووسینەكانیدا تەواو ولەنزیكەوە لەمانای ناوەوەی تاكەكان گەیشتووە وبەجوانترین شێوازیش كەسێتییەكان وزەمەن وجێگەكانی بەرجەستە كردووە.ئەو بابەتانەی هەڵبژاردووە كەجێگەی پرسیار ووەڵامە وەك هەژاری وستەم وناداپەروەری ونەفامی وفیداكاری ...هتد.زۆر بەویژدانەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخ وناوەڕۆك وكەسەكاندا دەكات وهیچ لادانێكی لۆژیكی وئەخلاقی وسۆسیۆڵۆژی ئەنجام نەداوە.لەسەرجەم دیمەن وگێڕانەوەكاندا هەوڵی جدی بەڕەوینەوەی كێشەكان داوە ولەم بوارەدا وێنە ودیمەن وڕووداوەكانی بەمەبەستی نمایشكردن نەهاتوون،یان بەمەستی دەرخستنە تواناییە هونەرییەكان نین.بابەتیانە دەڕوانێتە ڕووداوەكان ودووردەكەوێتە لەهێماگەری.

- توانا زمانییەكان.بەوپێیەی ناوەڕۆكی بابەتەكانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەتێكڕای خەڵكییەوە هەیە ئەوا زمانی دەربڕین تەواو یەكدەگرنەوە لەگەڵ تێكڕای خەڵكی.دەربڕینە زمانییەكان هیچ قورساییەك لەسەر خوێنەر دروست ناكات،بەڵكو بەپێچەوانەوە خوێنەر تەواو چێژ لەو جۆرە دەربڕینە دەبینێت.ئەمەش لەلایەكەوە خاكێتی گەلاوێژ نیشان دەدات ،لەلایەكی تریشەوە تێكەڵبوونی بەتێكڕای خەڵكی بەهۆی پەیوەندییە سۆسیۆڵۆژیاكەیەتی وەك ئەوەی بریتی بێت لەتاكێكی سروشتی.
- توانا بیركردنەوەكان.بەوپێیەی بەرهەمەكانی گەلاوێژ خۆی لەبابەتە فیكری وئەخلاقی وسۆسیۆڵۆژیاكانی سەردەمدا دەبینێتەوە بەتایبەتی كۆمەڵگای كوردەواری ئەوا جۆری بیركردنەوەكانی دەچێتە نێو بازنەی فەلسەفە ڕیالیزمەكانەوە بەتایبەتی لەجۆری شۆرشگێڕی وسۆشیالیزمی وڕەخنەیی.ئەم ڕێبازە پێویستی بەتێگەیشتن وگەیاندنێكی باش هەیە چونكە لەبنەڕەتدا ئەو فەلسەفەیە لەسەر بنەمای ئایدیۆڵۆژیا دامەزراوە وپەیوەندی ڕاستەوخۆشی بەتێكڕای خەڵكییەوە هەیە.ئایدیۆڵۆژیای گەلاوێژیش بریتیە لەخوڵقاندنی گوتارێكی ئەدەبی وفیكری وسۆسیۆڵۆژی بۆ كورد.لەدەرەوەی ئایدیایەكی سیاسی،گەلاوێژ زۆر بابەتیانە مامەڵە لەگەڵ ڕێبازەكەی دەكات،بەڵكو خودی خۆی دەتوێنێتەوە لەنێو ئەو ڕێبازەدا.ئەمەش بەو مانایە دێت كەگەلاوێژ سیاسەت ناكات بەڵكو واقیعی سیاسی وسۆسیۆڵۆژی دەگوێزێتەوە بۆ تێكڕای خەڵكی.ئەمەش بەمەبەستی سوود وەرگرتن لەناوەڕۆك وئەنجامی ئەو بابەتانەیە.واتە،ئەركی گەلاوێژ تەنها وێنەگرتن نیە لەدوورەوە بەڵكو دەیەوێت بەشێك بێت لەبابەتەكان وبەمەش خودی خۆی دەكاتە تاقیگەیەك بۆ تاقیكردنەوەكان.